جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز چواری هەولێر دراوەتە سعودیە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە هەولێر، حکومەتی هەرێم داوای لە وڵاتی سعودیە کردووە پرۆژەی ستراتیژی ئاوی ئیفراز چوار جێبەجێ بکات.

بڕیار بوو کۆمپانیای بای وۆتەری بەریتانی پرۆژەکە جێبەجێ بکات، بەڵام بەهۆی دۆخی دارایی لە ساڵانی رابردوودا جێبەجێکردنی پرۆژەکە دواکەوت و ئێستا جێبەجێکردنی پرۆژەکە لەو کۆمپانیایە وەرگیراوەتەوە.

ماوەی چوار رۆژە داواکارییەکەی حکومەتی هەرێم بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە گەیەندراوەتە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەوەی رەزامەندی بدات.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەکاتی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی کۆنکرێتکردنی گوندی گردەڕەشەی گەورە، رایگەیاند، “ئێستا لەگەڵ سندووقی قەرزی سعودیە لە گفتوگۆداین و گفتوگۆکانیش بە باشی بەڕێوەچوون، ماوەی چوار رۆژە داواکارییەکە لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقە بۆ ئەوەی ئاراستەی لیژنەی هاوئاهەنگیی نێوان سعودیە و عێراق بکرێت.”

وتیشی، پڕۆژەکە ستراتیژییە و هەموو گرفتەکانی ئاوی هەولێر چارەسەر دەکات.

پڕۆژەکە پێکدێت لە وێستگەیەکی گەورەی پاڵاوتن لەسەر زێی گەورە، لە رێگەی دوو ھێڵی گواستنەوە بە تیرەی ھەزار و 400 ملم.

لە هەولێر جگە لە بیرەکان، سێ ئیفراز ئاو بۆ شارەکە دابین دەکەن؛ ئیفرازی سێ لە 24 کاتژمێردا 187 هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بەرهەم دەهێنێت، ئیفرازی دوو 60 هەزار مەتر سێجا و ئیفرازی یەکیش 28 هەزار مەتر سێجا ئاو.

پڕۆژەی ئیفراز چوار لە پاش تەواوبوونی، لە توانایدایە لە ھەر کاتژمێرێکدا 25 ھەزار مەتر سێجا ئاو دابین بکات، واتە بە قەدەر ھەرسێ پڕۆژەی ئاوی ئیفراز.