بۆ ئەوەی بحەسێیتەوە شەش مانگ جارێک تانکی ئاوەکەت بشۆ

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

لە شاری سلێمانی هۆشداری دەدرێتە هاووڵاتییان هەر شەش مانگ جارێک تانکیی ماڵەکانیان پاک بکەنەوە. بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی دەڵێت؛ ئاوی سلێمانی پاک و تەندروستە و ئەگەر لە شوێنێک پیس بێت پەیوەندیی بە تانکیی ماڵانەوە هەیە.

بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی بە 964+ـی راگەیاند: رێنماییمان داوەتە هاووڵاتییان هەموو شەش مانگ جارێک تانکیی ماڵەکانیان پاک بکەنەوە، “بەڵام بەداخەوە کەمتەرخەمن و ئەو کارە ناکەن.”

“نموونەی ئاوی تانکی ماڵانمان وەرگرتووە، دە سانتیمەتری ژێر تەنکییەکە لیتە و خۆڵ و ژەنگ بووە، جۆرەها حەشەر و باڵندەمان لەناو تانکیی ماڵاندا بینیوە، کە سەرجەمیان هۆکاری پیسبوونی ئاون”، بەختیار تاهیر وای وت.

بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی وتیشی؛ لە هەوڵی دروستکردنی کەمپەینێکی هۆشیاریدان لەوبارەیەوە، کە تیمەکانیان لەگەڵ چەند رێکخراوێکدا بە کۆڵانەکاندا بگەڕێن و پاککردنەوەی تانکییەکانیان بیری هاووڵاتییان بخەنەوە.