فوتساڵی عێراق لە شاری سلێمانی کەمپێکی مەشقی کردەوە. وێنە:964
فوتساڵی عێراق لە سلێمانی کەمپێکی مەشقی کردەوە
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
هەڵبژاردەی فوتساڵی عێراق لە شاری سلێمانی کەمپێکی مەشق و راهێنانی کردەوە.
بە مەبەستی خۆئامادەکردن بۆ قۆناغی یەکەمی پاڵاوتنی جامی ئاسیا، هەڵبژاردەی فوتساڵی کوڕانی عێراق، هاتنە شاری سلێمانی بۆ ئەنجامدانی کەمپێکی مەشق و راهێنان.
سەلام مەعروف سەرۆکی لقی سلێمانی فیدراسیۆنی فوتساڵی عێراق بە 964ـی راگەیاند، هەڵبژاردەی عێراق پێش ئەوەی بەشداری قۆناغی پاڵاوتن بکات ئەم کەمپەی لە شاری سلێمانی رێکخستووە.
وتیشی، بەداخەوە لەبەرئەوەی لە کوردستان خولی فوتساڵیان نییە هیچ یاریزانێکی کورد لە ریزی هەڵبژاردەکە نابینرێت.
هەڵبژاردەی فوتساڵی عێراق بڕیارە ماوەی 10 رۆژ لە هۆڵی پێشمەرگە لە شاری سلێمانی مەشقەکانی ئەنجام بدات و دواتر دەچێتە وڵاتی لوبنان و لەوێش دوو یاری دۆستانە بەرامبەر بە هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدات، دواتر روودەکاتە وڵاتی ئۆزبەکستان و دەچێتە ناو کێبڕکێکانی قۆناغی پاڵاوتنی جامی ئاسیا کە رووبەڕووی هەریەک لە هەڵبژاردەکانی مالیزیا و کەمبۆدیا و ئۆزبەکستان دەبێتەوە.