سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان. وێنە:964
چارەنووسی مامۆستایانی کۆلیژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان نادیارە
+964
هونەر فارس- گەرمیان
کۆلیژی پزیشكیی زانکۆی گەرمیان بەدەست گرفتی نهبوونی مامۆستاوه دەناڵێنێت، بە وتەی راگری کۆلیژەکەش، ئەمساڵ قورس تێدەپەڕێنن.
کۆلێژەکە لە ساڵی 2018 دامەزراوە و 230 خوێندکار لەخۆدەگرێت، بەڵام تەنیا 20 مامۆستایان بۆ وانەوتنەوە هەیە.
د. شێرکۆ نەریمان راگری کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیان، بۆ 964 وتی: ساڵی رابردوو قۆناغی شەشمان نەبوو، هەرچۆنێک بێت تێمانپەڕاند، بەڵام بۆ ئەمساڵ لانیکەم پێویستمان بە 10مامۆستای دیکە دەبێت بۆ ئەوەی رێگە لە دابەزینی کوالێتی خوێندن لە کۆلێژەکەمان بگرین.
“لە گەرمیاندا هیچ نەخۆشخانەیەکی فێرکاری بۆ ئەو پزیشکانەی لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان دەخوێنن، بوونی نییە، ناچار بۆ فێرکاری پەنا بۆ نەخۆشخانە حکومییەکانی دیکە دەبەن”، د. شێرکۆ نەریمان وا دهڵێت.
راگری كۆلیژهكه باسی لەوەش کرد، نەبوونی نەخۆشخانەی فێرکاری و تاقیگەی تایبەت گرفتی بۆ کۆلێژەکەیان دروستکردوە، داوەش دەکەن ئاوڕ لە داواکاریەکانیان بدرێتەوە.
لەمبارەیەوە 964 پەیوەندی بە د. فەرهاد قادر سەرۆکی زانکۆی گەرمیانەوە کرد، ناوبراو وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە.
964 دەزانێت، ئەمساڵ یەکەم ساڵی دهرچوونی پزیشکانی کۆلیژەکە دەبێت، بەڵام بەهۆی ئەو گرفتانەی کە کۆلیژەکەدا ههن، رەنگە توانای پزیشکانی لەچاو زانکۆ پێشکەوتوەکاندا لە ئاستی پێویستدا نەبێت.
پێداچوونهوه: ئهرسهلان عهبدوڵا