هەشت ساڵە لەناو کەمپەکان جەژنە پیرۆزە لە یەکتری دەکەن

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

هەموو ساڵێک ئێزدییەکان لە دووەم هەفتەی مانگی کانونی یەکەم سێ رۆژ بەرۆژوو دەبن و رۆژی چوارەم دەیکەنە جەژن، ناوی دەنێن جەژنی رۆژوو، بەڵام ئەوە هەشت جەژنە بەشێکیان لەناو کەمپەکاندا رۆژ دەکەنەوە.

ئەگەرچی ئەوان لە کەمپەکان دەژین، بەڵام دەستبەرداری نەریتی جەژنانەی خۆیان نەبوون، لەوەی کە بەیانییەکەی زوو هەستن و خواردنی دروستبکەن و سەردانی یەکتری بکەن.

خدر ئەلیاسی تەمەن 45 ساڵ خەڵکی کۆمەڵگای تل بەناتە سەر بە قەزای شنگال، ماوەی هەشت ساڵە لە کەمپی کەبەرتوو لە دهۆک دەژیێت، ئەو بە 964+ی وت، ئەو جەژنە یەکێکە لە پیرۆزترین جەژنەکان لای ئێزدییەکان، هەروەها شیرینی و چەرەزات و جلوبەرگی نویێ بۆ خۆی و منداڵەکانی کڕیوە، بەیانییەکەی نان دەخۆن و دەر و دراوسێ و خزمەکانیان بەسەر دەکەنەوە.

ئەو رۆژانەی ئەوان تێیدا بەرۆژوو دەبن، بریتین لە سێشەممە، چوارشەممە و پێنجشەممە، کە رۆژی هەینی دەیکەنە جەژن.

ویداد داود، کچێکی ئێزیدیە لە کەمپی کەبەرتوو دەژیێت، بۆ 964+ی باسکرد، “ئەمڕۆ کە جەژنی ئێزیدیە بۆ من رۆژێکی زۆر تایبەتە، پێش جەژن سێ رۆژ بەرۆژوو بووین و ئەرکێکی پیرۆزی ئایینەکەمان جێبەجێکرد، هەموو شتێکمان بۆ جەژن ئامادەکردووە لە شیرینی بگرە تاوەکو لێنانی نانی نیوەڕۆ، زۆر دڵخۆشین کە پێکەوە لەگەڵ خێزانەکەم ئەم جەژنە دەکەین”.

هیوا و ئاواتی ویداد و هەموو ئاوارەکانە کە ساڵی ئاییندە ئەم جەژنە لە شنگال لە یەکتر پیرۆزبکەن، بە قسەی خۆیان.