لەسەر یاریگای خۆی سیروانی نوێ سەرکەوتنی بەسەر ئاشتی تۆمار کرد

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

یانەی سیروانی نوێ بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ وەڵام شکستی بە یانەی ئاشتی هێنا.

لە قۆناغی کێبڕکێی چارەکی کۆتایی خولی تۆپی پێی لاوانی یانەکانی کوردستان، یانەی سیروانی نوێ لەسەر یاریگای خۆی رووبەڕووی ئاشتی بوویەوە.

لە گێمی یەکەم و لە خولەکی دوو ئەیاد دیاری گۆڵی پێشکەوتنی یارییەکەی بۆ سیروانی نوێ تۆمارکرد، دواتر بە درێژایی هەردوو گێمەکە یاریزانانی هەردوولا نەیانتوانی ئەنجامەکە بگۆرن و یارییەکەش بەو گۆڵە لە سوودی سیروانی نوێ کۆتایی هات.

دوای یارییەکە سروشت ئەحمەد راهێنەری سیروانی نوێ بە 964ـی وت، لە هەر سێ یارییەکەیاندا لەم قۆناغە باشتر یارییان کردووە، هەربۆیە شایستەی ئەم سەرکەوتنە بوون.

لای خۆشییەوە ئاری محەمەد راهێنەری یانەی ئاشتی بە 964ـی راگەیاند، لە ئاستی یاریزانەکانی رازییە و لە یارییەکەدا نەیانتوانیوە سوود لە هەلەکان وەربگرن، بەڵام یاریزانی ئاست بەرزیان پێگەیاندووە ئەمەش جێگەی شانازییە بۆ ئەوان.

بەم سەرکەوتنە، لاوانی یانەی سیروانی نوێ گەیشتنە قۆناغی پێش کۆتایی و لەوێش رووبەروی یانەی شۆریجەی شاری کەرکوک یاری دەکەن.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی