دهۆک خاوەنی 126 کۆگای ساردکەرەوەی هەڵگرتنی پەتاتەیە

964+

زینوێ حەسەن

لە پارێزگای دهۆک 126 کۆگای ساردکەرەوە بۆ هەڵگرتنی بەرهەمی پەتاتە تەرخانکراوه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌، ئەمساڵ دهۆك بەرهەمی پەتاتەى زیاتر هه‌بێت.

ئەحمەد جەمیل، بەڕێوبەری گشتی كشتوكاڵ له‌ پارێزگای دهۆک رایگەیاند “ئەمساڵ بەرهەمهێنانی پەتاتە لە پارێزگای دهۆک 70٪ زیادی کردوە”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، حکومەتی هەرێم یارمەتی جوتیاران دەدات بەرهەمەکانیان لە ناوچەکە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان بفرۆشن.

وتیشی “لەماوه‌ى ئه‌م چه‌ند ساڵەدا 126 كۆگاى ساردکەرەوە لە پارێزگای دهۆک دروستكراون بۆ هەڵگرتنی بەرهەمى په‌تاته‌ و بەرهەمەکانی دیكه‌ له‌ دهۆک.

به‌قسه‌ى ناوبراو، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق په‌تاته‌ى دهۆك له‌ پله‌ى یه‌كه‌مدایه‌ و ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌ كڕیاری زیاترى بۆ په‌یدا ببێت.

ساڵانە لە مانگی پێنجەوە بەرهەمی پەتاتە پێدەگات و جوتیاران دەست بە هەڵکەندنی دەکەن و دواتریش بەشێکی لە بازاره‌كانى ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم  دەفرۆشرێت و بەشێکیشی لە کۆگاکان هەڵدەگیرێت.