%70ی ئاستی ئاوەکە کەمیکردووە

پردێکی نوێ لەسەر رووباری حەمرین دروست دەکرێت

964+

زینوێ حەسەن

دوای زیاتر لە 20 ساڵ رووخانی پردە کۆنەکەی حەمرین، پارێزگای دیالە بڕیاریداوە پردێکی دوور و درێژی نوێ لەبری ئەو پردە دروست بکات و 62 ملیار دیناریشی بۆ تەرخان کردووە.

کەریم عەلی ئاغا جێگیری بەرێوبەری پاریزگای دیالە بە 964ی وت، سێ ساڵ بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە دانراوە، دەبێتە خاڵێکی بەسود و گرینگ بۆ ناوچەکە، بەجۆرێک پارێزگاکانی باکور و ناوەڕاست و باشوری عێراق بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

لە 30.10.2022 دەستکراوە بە دروستکردنی پردەکە و بڕیارە تا 2025 تەواو بێت، تا ئێستا 14 پایەی تەواو بووە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبان و پردەکانی پارێزگای دیالە سەرپەرشتی دەکرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی جێگیری بەرێوبەری پاریزگای دیالە بە 964ی داوە، درێژی پردەکە سێ کیلۆمەترە رێڕەوی تۆتۆمبێڵ نۆ مەترە و رێڕەوی پیادەی یەک مەتر و نیوە.

دەریاچەی حەمرین ئێستا وەک بیابانێک دەردەکەوێت، ساڵانێک %70ی ئاوی پارێزگای دیالەی دابیندەکرد، بەڵام ئێستا وشکە ساڵی رووبەرێکی فراوانی کردووەتە بیابان.