پاڵەوانیەتی هێزی لەش بۆ یاریزانانی سلێمانی بەڕێوەچوو
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
پاڵەوانیەتی یاری هێزی لەش بۆ یاریزانانی پارێزگای سلێمانی لەسەر هەردوو ئاستی کوڕان و کچان بەڕێوەچوو.
لە هۆڵی پارکس جین لە شاری سلێمانی و بە سەرپەرشتی فیدراسیۆنی هێزی لەشی کوردستان لقی سلێمانی، پاڵەوانیەتییەکی کراوە بۆ یاریزانانی ئەو یارییە کرایەوە کە پێنج یانە لەهۆڵی کوڕان و دوو یانەی کچان بەشداربوون و 35 یاریزانی کوڕ و کچ رکابەرییان دەکرد.
هەژار قادر سەرۆکی لقی سلێمانی فیدراسیۆنی هێزی لەشی عێراق بە 964ـی وت، ئامانج لە کردنەوەی ئەم پاڵەوانێتییە بۆ یاریزانانی سنوری پارێزگای سلێمانی دەستنیشانکردنی هەڵبژاردەیەکە بۆ ئەو یارییە.
وتیشی، پاڵەوانێتییەکە ئاستێکی بەرزی هەبوو بە تایبەتی کچان و یاریزانانی ماستەر کە ئەنجامی باشیان تۆمارکرد.
دوای بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکە لەسەر ئاستی کچان، هۆڵی هاوبیر جێم بە کۆکردنەوەی 75 خاڵ پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و سپۆرت سەنتەری کەلار بە 45 خاڵ پلەی دووەمی مسۆگەرکرد، لەسەر ئاستی ماستەری کوڕانیش هۆڵی چوارباخ جێم بە 60 خاڵ پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و هەریەک لە هۆڵەکانی سەردەم جێم لە حاجیاوا و وایت جێم لە سلێمانی پلەکانی دووەم و سێیەمیان دەستەبەرکرد.