رێگای گوندی ئالانە نۆژەن دەکرێتەوە

964+

ئاکام غەفور – خەلیفان

دانیشتوانی گوندی ئالانە گلەییان هەیە لە رێگاوبانی گوندەکەیان و کەڵکی هاتوچۆی نەماوە.

لەگەل دروست کردنی پڕۆژەی ئاو بۆ گوندەکە و راکێشانی بۆری ئاو جادەکە هەڵکندار بوو، دانیشتوانی گوندەکە لە ئێستاوە ترسی زستانیان هەیە کە نەتوانن رێگاکە بەکاربێنن.

ئێستا بڕیار دراوە بە نۆژەن کردنەوەی رێگاکە لە دوای تەواو بوونی پڕۆژەی ئاو دەست بە کارەکانی دەکرێت بڕیار وایە پێش هاتنی وەرزی زستان رێگاکە چاک بکرێت.

مەغدید عریف احمد قایمقامی قەزای خەلیفان بە وەکالەت بە 964ـی وت، “کەشفی رێگاکەمان کردووە لە ئەولیەتی کارەکانمانە کە ڕێگای گوندی ئالانە چاک بکرێت، لە دوای تەواو بوونی پڕۆژەی ئاوی گوندەکە لە ئایندەیەکی نزیک دەست بە چاک کردنی رێگاکە دەکرێت”.

وتیشی، جگە لە گوندی ئالانە لە بەرنامەناندایە رێگای گوندەکانی تریش چاک بکەن ئەوانەی پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە.

“بڕیاردراوە بە چاک کردنی رێگای دۆلی مەلەکان بە درێژایی شەش کیلۆمەتر، بڕی هەشت ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە، لە گوندی تارینان تاوەکو مەلەکان چاک دەکرێت”، ئەمە قسەی قایمقامی خەلیفانە.

گوندی ئالانە سەربە قەزای خەلیفانە و هەشت کیلۆمەتر لە خەلیفانەوە دوورە، نزیکەی 80 ماڵ لە گوندەکە بوونی هەیە، یەکێکە لە شوێنە گەشتیاریەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

پێداچوونەوە: توانا نەقی