وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر لە ئێران
ترەمپ لەگەڵ تیمەکەی تاوتوێی دەکات
ئێران: کردنەوەی گەرووی هورمز بەرامبەر بەرنامەی ئەتۆمی
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عەراقچی پێشنیاری وڵاتەکەی پێشکەش بە ئەمریکییەکان کردووە، تێیدا هاتووە ئێران گەرووی هورمز بە تەواوی دەکاتەوە، بەرامبەر دواخستنی گفتوگۆ لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی.
لە بەرامبەر ئەو هەوڵەی ئێران، کۆشکی سپی هەر ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، سەبارەت بە پێشنیارەکانی ئێران سەبارەت بە گەرووی هورمز ئاگادار کراوەتەوە و ئەویش لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا تاوتوێی دەکات.
کارۆلین لیڤیت، سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی وتی: سەرۆک کۆمار لە کورتەیەک لەبارەی پێشنیارەکانی ئێران سەبارەت بە کردنەوەی گەرووی هورمز ئاگادار کراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، “هیچ زانیارییەکمان نییە سەبارەت بە پێشکەوتنی ئۆپەراسیۆنی لابردنی مین لە گەرووی هورمز”.
لە ئەنجامی پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ ئێران، هاتوچۆی کەشتیوانی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە کە رێڕەوێکی سەرەکیی ئاوییە بۆ دابینکردنی نەوت و گازی سروشتی لە وڵاتانی کەنداو بۆ بازاڕی جیهانی، نزیکەی بە تەواوی راگیراوە. گەرووەکە نزیکەی 20%ی دابینکردنی نەوت و بەرهەمی نەوت و غاز و هەروەها بازرگانیی جیهانی پێکدەهێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و کەلوپەل لە زۆربەی وڵاتاندا.