باسی جەنگ و دوایین پێشهاتەکانیان کردووە

عەباس عێراقچی و ڤلادمیر پوتن کۆبوونەوە

شۆڕش قادری

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران هەربە گەیشتنی بە روسیا لەگەڵ ڤلادمیر پوتن سەرۆکی ئەو وڵاتە لە شاری سەن پێترزبۆرگ کۆبووەوە و باسی جەنگ و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان کرد.

میدیای ئێران چەند وێنەیەکی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، پوتن هیوای خواستووە گەلی ئێران ئەم دۆخە سەختە تێپەڕێنن و ئاشتی بگەڕێتەوە بۆیان.

پوتن راشیگەیاندووە، روسیا لە زووترین کاتدا هەموو هەوڵەکانی بۆ دابینکردنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتەگەڕ.

هاوکات عێراقچی رایگەیاندووە، پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و تاران هاوکارییەکی ستراتیژییە و بەردەوام بەهێز و بەرەوپێش دەچێت.

ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ روسیا دوای چوونی بۆ پاکستان و عومان و کۆبووەنەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە دێت و دەیهەوێ هەرچۆنێک بێ رێگە لەسەرهەڵدانەوەی شەڕ بگرێت.