سەنتەری قەزای مەخمور. وێنە:سۆشیال میدیا.
سوپای عێراق 24 کاتژمێر مۆڵەتی داوەتە ئاژەڵدارانی ناو مەخمور
964
فەهمی نەبی
ئاژەڵ بەخێوکردن لەناو سەنتەری قەزای مەخمور بووەتە دیاردە، قایمقامی مەخمور دەڵێت، لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بڕیاردراوە سەرجەمی ئەو شوێنانە هەڵبگرن و سوپا ئەو کارە جێبەجێ دەکات.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق فەرمانی بە سوپا و هێزە ئەمنییەکان کردووە، لەهەموو پارێزگا و قەزاکانی عێراق سەرجەمی سەرپێچی و ئەو شوێنانە هەڵبگرن کە ئاژەڵی لێ بەخێودەکرێت، لەناویاندا لە قەزای مەخمور ئەو بڕیارە جێبەجێ دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، لە نێوان نوێنەری سوپا و قایمقامیەتی مەخمور لیژنەیەک دروستکراوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە.
رزگار ئیسماعیل، قایمقامی مەخمور بە 964ی وت، لەمەوبەر بۆ چەندین جار هۆشداریمان پێدابوون دەبێت ئەو شوێنانە چۆڵ بکەن و ئاژەڵەکان بگوازنەوە، بەڵام ئەمجارە بڕیارەکە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە هاتووە بۆ هەموو هێزە ئەمنییەکان و سوپا، ئەوان جێبەجێی دەکەن.
قایمقامی مەخمور دەڵێت، نوێنەری سوپا سەردانی قایمقامیەتی کرد و وتیان ئێمە هاوکارتان دەبین لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، ئەمڕۆ ئەو خاوەن ئاژەڵانەمان ئاگادارکردەوە بۆ دواجار کە 24 کاتژمێریان بۆ دانراوە، کە ئاژەڵەکان بگوازنەوە و ئەو شوێنانە بڕوخێنن.
بە گوێرەی وتەکانی رزگار ئیسماعیل، ئەوان بەیانی کۆبوونەوەیان هەیە لەگەڵ فیرقەی 14، ئالیەتی دەستپێکردن دادەنێین، جگە لەو شوێنانەی ئاژەڵی لێ بەخێودەکرێت، هەر جۆرە سەرپێچییەکی دیکە هەبێت لەسەر موڵکی حکومەت تێکدەدرێت.
ژمارەی ئاژەڵدارەکان لە ناو سەنتەری مەخمور زیاتر دەبێت لە 20 شوێن، قایمقامی مەخمور دەڵێت، “ئێمە پێشووتر لەگەڵ شارەوانیی مەخمور بۆ ئەوانەی مەڕداربوونە و دەفتەری ڤێرتێرنەریان هەبووە، لە نزیک چیای قەرەچوغ زەویمان پێداون و داوامان کردووە شوێنەکە بگوازنەوە”.