تارا رەسوڵ ئەزمونێکی جیاواز تاقیکدەکاتەوە

+964

پەرستۆ ساڵح

هونەرمەند تارا رەسوڵ بۆ یەکەمینجار گۆرانییەکی عەرەبی دەڵێتەوە و بەنیازیشە بەردەوام بێت.

سێ مانگ بەرلە ئێستا تارا رەسوڵ دوێتێکی لەگەڵ هونەرمەند عەتا قەرەداغی بڵاوکردەوە بەناوی “ئای چەندم خۆشدەوێیت”، لە ئێستاشدا ئامادەکاری بۆ چەند بەرهەمێکی نوێ دەکات لەنێوانیاندا کەڤەر کردنەوەی بەرهەمێکی هونەرمەندی عەرەبی عەزیزە جەلالە کە لەساڵانی هەشتاکان تۆمارکراوە بەناوی “هو الحب لعبة” بڕیاریشە پاش تەواوکردنی لە تەواوی کەناڵە عەرەبیەکان بڵاوبکرێتەوە.

تارا رەسوڵ تایبەت بە 964 وتی، “من پێشتر بۆ خۆم گۆرانی عەرەبیم وتووە بەڵام ئەمە یەکەمجارمە بڵاویبکەمەوە، چونکە ئەو گۆرانیە لام تایبەتە و لەماوەیەکی کەم دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو بەتایبەت لەناو وڵاتانی عەرەبی، ئەو پێشوازیەش هاندەر بووە و حەزبکەم بەردەوام بم لە وتنی گۆرانی عەرەبی”

تارا رەسوڵ ماوەی هەفتەیەکە گەڕاوەتەوە کوردستان، بەپێی زانیارییەکانی 964 ئامادەکاری بۆ چەند بەرهەمێکی دیکە کردووە لە ماوەی ئەمساڵدا بڵاویانبکاتەوە ئەگەر سپۆنسەری هەبێت، ئاماژەش دەدات بەوەی بە نیازی بڵاوکردنەوەی گۆرانیەکی هەڵپەرکێیە و لەگەڵ هونەرمەند هێمن حسێن لە گفتوگۆدان بۆ کارێکی دوێت.

تارا رەسوڵ لە ساڵی 1975 لەدایکبووە و زیاتر لە 20 ساڵە لە ئەوروپا دەژی، خاوەنی چەندین بەرهەمی هونەریە.