"سەنتەری پشکنینی شێرپەنجە لە هەڵەبجە نییە"
سودانی بڕیاریداوە تیمێکی پزیشکی بۆ پشکنینی شێرپەنجە بنێرێتە هەڵەبجە
964+
فەهمی نەبی
سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە تیمێکی پزیشکی بنێردرێتە هەڵەبجە بۆ پشکنینی ئەو هاوڵاتیانەی لەو پارێزگایە بەهۆی بەرکەوتەی چەکی کیمیایی دووچاری شێرپەنجە بوونە، بەرێوەبەری تەندروستی ئەو پارێزگایەش دەڵێت، ژمارەی تووشبوانی شێرپەنجە بەو رادەیە نییە تیمی بۆ بنێردرێت.
ئەو بڕیارەی سودانی ئەمڕۆ یەکشەممە بووە، ئەمەش دوای ئەوە بووە پێشوازی لەیەکێک لە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی پارێزگای هەڵەبجە کردووە بەناوی شاهۆ حسێن.
د.ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە بۆ 964 وتی، “ژمارەی تووشبووی شێرپەنجە لە هەڵەبجە بەم شێوەیە نییە، تا وەفدی بۆ بنێرن، هەڵەبجە بووەتە شوێنی موزایەدەکردن”.
بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە ئەوەش دەڵێت، بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی پێویستیان بە ناردەنە دەرەوەی وڵات نییە، تەنیا پێویستیان بە هێنانی گلێنە هەیە لە ئێرانەوە و لە نەخۆشخانەی هەڵەبجە بۆیان دادەنرێت، ئەگەر سەرکەوتوو نەبێت دووبارە بۆی دەگۆڕدرێت.
بەوتەی د.ئازاد مستەفا، ئەوان دووبارە پێداچوونەوە بۆ لیستی بەرکەوتووان دەکەن لەڕێگەی پشکنینەوە، چونکە پێشوتر رێکخراو هەبووە لە نوسینگەی سەرۆکی پێشووی حکومەت پارەی بۆ بەرکەوتووان وەرگرتووە بەبێ ئەوەی هیچ حیسابێک بکرێت کە ئەو کەسە پێویستی بە چوونە دەرەوە هەیە یان نا.
بەگوێرەی ئاماری تەندروستی هەڵەبجە، داواکاری بۆ تۆمارکردنی لە لیستی بەرکەوتووان بەردەوام هەیە، بەڵام وا مەزەندە دەکرێت زیاتر لە چوار هەزار کەس وەک بەرکەوتەی چەکی کیمیایی ناویان تۆمارکرابێت.
د.ئازاد مستەفا دەڵێت، هیچ ئامارێک لەبەردەست نییە کە چەند کەس لە پارێزگای هەڵەبجە بەهۆی چەکی کیمیایی دووچاری شێرپەنجە بووبن، ئەو ژمارەیە لای ئێمە ونە، تا ئێستاش نەسەلمێنراوە ئەوانەی بەرکەوتەی چەکی کیمیایی بن بەهۆیەوە دووچاری شێرپەنجە دەبن.