وایەری مۆلیدەکان بۆمبێکی تەوقیتکراو بۆ کەوتنەوەی ئاگر
964+
محەمەد عومەر – هەڵەبجە
ستوونەکانی ناو بازاری هەڵەبجە بەهۆی راکێشانی وایەری مۆلیدە ئەهلیەکانەوە بووەتە تۆڕی جاڵجاڵۆکەیی و کەس وایەرەکەی خۆی ناناسێتەوە.
تێکەڵبوونی سەدان وایەری مۆلیدە، سیمایەکی ناشرینی بە ناو بازاڕی هەموو شارەکانی کوردستان بەخشیوە، ئەمەش وایکردووە دوکاندارانی هەڵەبجە ترسیان هەبێت بەهۆی کۆنی زۆرێک لە وایەرەکان شۆرتی کارەبا دروست ببێت و ببێتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر.
وایەرەکان هێندە تێکەڵن، بە زەحمەت خاوەنەکانیشیان نایناسنەوە.
ئەو وایەرانەی وەک لە وێنەکدا دیارە بەو ستوونەوە گرێدراون، بۆ ناو قەیسەری شنروێ و قەیسەری حامی بەگ راکیشراون کە دوو قەیسەری گەورە و داخراون، بەرگری شارستانیش هۆشداری دەدات لە بارەیەوە.
زانیار حەمەنوری، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەڵەبجە بە 964 وت: بەدڵنیایەوە مەترسی هەیە بەسەر هەردوو قەیسەری شنروێ و حامی بەگ، بەڵام بۆ بازاڕە کراوەکان مەترسییەکە کەمترە.
ئەگەرچی بابەتەکە پەیوەندی نییە بە کارەبای هەڵەبجە، بەڵام بەڕێوەبەری کارەبای هەڵەبجە دەڵێت، ئامادەی هەموو هاوکاریەکین.
زوهرە یوسف، سەرۆکی مۆلیدا ئەهلیەکانی هەڵەبجە بە 964 وت، دوای ئاگادارکردنەوەمان لەلایەن ئێوە، لەگەل پارێزگار و قائمقام دێینە سەرخەت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ بابەتەکە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق