خاوه‌ن مۆلیده‌كان كێشه‌ی كاره‌بایان هه‌یه‌ و خه‌ڵكیش پشتگرییان ده‌كه‌ن

964+
عه‌مار عه‌زیز – دهۆك

دژی كه‌مكردنه‌وه‌ی پێدانی كاره‌با، بۆ جاری دووەم خاوەن موەلیدەکانی شارۆچكه‌ی سێمێل گردبوونەوە، خه‌ڵكی شارۆچكه‌كه‌ش پاڵپشتیی خاوه‌ن مۆلیده‌كان ده‌كه‌ن.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 13ی كانوونی یه‌كه‌م، لە دژی کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی بۆ شارۆچكه‌ی سێمێل و جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان، خاوەن موەلیدەکانی سێمێل گردبوونه‌وه‌.

شێروان شوکری، نوێنەری خاوەن موەلیدەکانی سێمێل بە 964+ وت، “مانگی رابردوو گردبووینەوە و هاوارمان کرد کارەبای نیشتیمانی شارۆچكه‌ی سێمێل کەمکراوه‌تەوە، لایەنی پەیوەندیدار وتیان راست ناکەن، ئه‌مڕۆ ئێواره‌ش دووبارە گردبووینەوە”.
وتیشی: “ئێمە سێ داواکاریمان هەیە، کارەبای نیشتیمانی سێمیل زیاد بکرێت، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای موەلیدە بە لایەنی کەم 2 بۆ 4 کاتژمێر کەم بکرێتەوە، هه‌روه‌ها گازوێل بە نرخێکی هەرزانتر لە بازار بە ئێمە بدرێت”.

“بە نووسراو ئەو داواکارییانەمان ئاراستەی قائیمقامیەتی سێمێل كردووه‌، بەڵام هیچیان جێبەجێ نەکردوون، هاوکاریمان ناکەن و ئەگەر دوو سێ خولەک موەلیدەیەک کارەبا بە خەڵک نەدات دەیان تەلەفون دەکەن، ئێستا ئێمە 14 کاتژمێر کارەبا بەخەڵک دەدەین، مانگی رابردوو یەک ئەمپێر بە17هەزار و 500 دیناربوو” شێروان شوكری وای وت.

نوێنه‌ری خاوه‌ن مۆلیده‌كان ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، بارودۆخی كاره‌با بەم شێوەیە بڕوات، یەک ئەمپێر دەگاتە سەرووی 20هەزا دینار.
شێروان شوكری ده‌ڵێت “6 هەزار ئەمپێری کارەبام هەیە، خەڵک هەژارە و پارە ناده‌ن، 30 ملیۆن دینارم لای خەڵکە و نایدەنه‌وه‌، یەک لیتری گازوایل بە هەزار دینارە و حکومەت بە هیچ شێوەیەک هاوکاریمان ناکات”.

مەهدی حەسەن، هاوڵاتی شارۆچكه‌ی سێمێلە و بۆ 964+ وتی: هەفتەیەکه‌ کارەبای نیشتیمانی لە سنووری سێمێل زۆر کەمبووەتەوە، 3 كاتژمێر کارەبا هەیە، 6 بۆ7 کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی نییە، رۆژانە 10 بۆ 12کاتژمێر کارەبامان هەیە، له‌ كاتێكدا مانگێك له‌مه‌وبه‌ر رۆژانه‌ 14 بۆ 15 کاتژمێر کارەبامان هەبوو”.

هەفتەیەکه‌ کارەبای نیشتیمانی لە سنووری سێمێل زۆر کەمبووەتەوە

وتیشی، “ئێمە نازانین هۆکار چییه‌، بەڵام ئاشکرایە ستەم لە خەڵکی سێمێل دەکرێت، بۆیه‌ ئێمه‌ هیچ گلەییمان لە خاوەن موەلیدەکان نییە، ئەگەر نرخی ئەمپێر چەند گرانیش بێت خەتای ئەوان نییە، بەڵکو هەموو خەتای حکومەتە، پێویستە داواکاری خاوەن موەلیدەکان جێبەجێ بکەن، تا ئەوان بتوانن هاوکاریی خەڵک بکەن”

لە سنوری شارۆچكه‌ی سێمێل، ژمارەی موەلیدەکان سەرووی 100 مۆەلیدەن، ژمارەی مۆەلیدەکانی سنووری پارێزگای دهۆک به‌ گشتی 2.300 مۆلیده‌ن.