بانكی ناوه‌ندیی عێراق:

“به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی دۆلار بۆ دابینكردنی بودجه‌یه‌”

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، بڕیاری دەستکاریکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار، رێوشوێنێکی خۆپارێزی ناوازەیە، کە ئامانج لێی دڵنیابوونە لە بەردەوامیی پێداویستییە داراییەکانی بودجە و پاراستنی پێگەی دارایی دەوڵەت.

حەیدەر غازی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بانکی ناوەندی عێراق له‌ راگه‌یاندراوێكدا ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 7.10.2026 ده‌ڵێت، “عێراق رووبەڕووی هەلومەرجێکی سەخت بووەتەوە بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و دابەزینی هەناردەکردنی نەوت، کە بووەتە هۆی دابەزینی داهاتی نەوت”.

ده‌شڵێت، “سەرەڕای ئەگەری کاردانەوەكان، بڕیارەکە دراوە بۆ ئەوەی باری دارایی له‌ زیانێکی زیاتر بپارێزێت، کە دەتوانێت لە ئەنجامی مانەوەی دۆخی دارایی وەک خۆی، بێته‌ئاراوه‌ “.

روونیشیکردەوە، “پێشتر حکومەت پشتی بە داشکاندنی حەواڵە لەگەڵ بانکی ناوەندی بەستبووە، کە ئەگەری کەڵەکەبوونی قەرزەکانی دروستکردووە، ئه‌مه‌ش پێویستی بە پێداچوونەوەی جددی بە دۆخی دارایی هەبووە.”

حه‌یده‌ر غازی ئاماژەی بەوە کرد، “بڕیاری دەستکاریکردنی نرخی ئاڵوگۆڕکردنی دۆلار وه‌ك ڕێوشوێنێکی ناوازەی پاراستن بوو، کە ئامانج لێی دڵنیابوونە لە بەردەوامیی دارایی و دەستەبەرکردنی داهاتی پێویست بۆ بودجە”،

سەبارەت بە کاریگەری بڕیارەکە لەسەر بازاڕی ناوخۆ، غازی روونیکردەوە کە “پیشەسازی ناوخۆیی لەم دواییانەدا رووبەڕووی کێبڕکێ بووەتەوە لەلایەن کەلوپەلی هاوردەکراوەوە، کە بە نرخێکی کەمتر لە تێچووی بەرهەمهێنانی کەلوپەلی هاوشێوە لە ناوخۆی عێراق دەگەن، رێکخستنی نرخی ئاڵوگۆڕکردن یارمەتیدەر دەبێت بۆ بوژاندنەوەی پیشەسازی و بەرهەمە ناوخۆییەکان، بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان و هاندانی پشتبەستن بە کاڵای بەرهەمهێنراوی ناوخۆیی نەک هاوردەکردن”.

غازی لە کاتی چارەسەرکردنی بۆشایی نێوان نرخی فەرمی دۆلار و نرخی هاوتەریب لە بازاڕدا، ڕایگەیاند “ئەم بۆشاییە پەیوەستە بەو مامەڵە بازرگانییانەی کە لە دەرەوەی چوارچێوە و رێسا فەرمییەکان ئەنجام دەدرێن”.

ئه‌و ده‌ڵێت، “کڕینی دۆلار لە بازاڕی هاوتەریبەوە زۆرجار پەیوەندی بە هاوردەکردنی کاڵاکانەوە هەیە، کە له‌ گومرگ و رێکارەکانی باج و پرۆسەکانی پشکنینی فەرمی بەدەره‌”.

شه‌وی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆیدا نرخی دۆلاری بەرامبەر دینار دیاریی کرد و بەپێی بڕیارەکە، نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی 150 هەزار دینارە بەرامبەر هەر 100 دۆلارێک، نرخی فرۆشتنی بە بانکەکانیش 151 هەزار و فرۆشتنیشی بە هاوڵاتیان 152 هەزار دینارە، ئه‌م بڕیاره‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ په‌سند كرا و ئه‌مڕۆش بازاڕی دراو له‌ عێراق و كوردستان گڕی گرت و نرخی 100 دۆلار له‌ بۆرسه‌دا گه‌یشته‌ 168 هه‌زار دینار.