چەند مادەیەکی خۆراکی _ وێنە: 964
زەیتی بایەعیەکە هات
964+
فەرمان سادق
هەفتەی داهاتوو دەستدەکرێت بە دابەشکردنی بەشە خۆراکی بایەعی مانگی تەمووز و زەیتی مانگی حوزەیران.
تاوەکو ئێستا کە مانگی ئابە هاوڵاتیان بەشە خۆراکی مانگی حوزەیرانیان وەرگرتووە بێ ئەوەی زەیتی ئەو مانگە وەربگرن، ئەمەش لە کاتێکدایە زەیتی لەگەڵدا نەبوو.
بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی هەولێر لەسەر پەیجی خۆیان لە فەیسبووک، بریکارەکانی ناوەندەکانی 201 تاوەکو 211ـی ناوشار و ئەوانەی دیکەی دەرەوەی شاریش ئاگادارکردووەتەوە کە سەردانیان بکەن بۆ وەرگرتنی بەشە بایەعی مانگی تەمووز.
دلێر حەقی، بەڕێوەبەری بازرگانی هەولێر بە 964ـی وت، راستە لە بەشە بایەعی مانگی حوزەیران زەیت بەسەر هاوڵاتیان دابەش نەکرا، بەڵام یەکشەممەی داهاتوو زەیتی مانگی حوزەیران و شەکری مانگی تەمووز دابەش دەکرێت.
زیاتر وتیشی “ئێمە چاوەڕێ ناکەین، هەر خۆراکێک لە بەغداوە بێت یەکسەر بەسەر هاوڵاتیان دابەشی دەکەین، چاوەڕێی ئەوە ناکەین تەواوی بەشە خۆراکەکە ئامادە بێت ئینجا دابەشی بکەین، ئەمەیە وایکردووە زۆرجار لە بەشە بایەعی هەندێک مادە دابەش بکرێت و هەندێک دابەش نەکرێت”.