ئاگرێکی گەورە لە شاخی بەنی هەریر کەوتەوە

964+

ئاکام غەفوور

ئاگرێک لە شاخی بەنی هەریر کەوتووەتەوە و بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان ئاگرەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە و تەشەنەی کردووە.

پەیامنێری 964 لە خەلیفان رایگەیاند، ئاگرەکە کاتژمێر 9:30 خولەکی بەیانی کەوتۆتەوە و بەخێرایی تەشەنەی کرد، بەهۆی ئەوەی ئاگرەکە لەو پووشانەی نێوان دارەکان کەوتووەتەوە و بە خێرایی دەسووتێن.

بەهۆی بونی ڕەشەبا ئاگرەکە بە خێرای تەشەنە دەکات ئاگر گەیشتۆتە سەر شاخی بەنی هەریر کە ژماریەک مالە ڕەوەند و بنکەی سەربازیلێیە ئاگر نزیک بووەتەوە لێیان.

ئەو بەشە شاخەی بەنی هەریر کە گڕی گرتووە، دەکەوێتە رووی ناحیەی خەلیفان نەک هەریر، زیاتر لە 80%ـی دار بەڕووە و ئەوەی تری دارەبەن و دار مازییە.

تیمی بەرگری شارستانی خەلیفان کە تەنیا یەک ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەیان هەیە، بە رێگای خۆڵ بۆ سەر شاخەکە سەرکەوتوون بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە و رێگرتن لە زیاتر تەشەنەکردنی.

رەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگەری شارستانی سۆران بە 964 وت ”تاکو ئێستا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دیار نییە، دوو تیمی بەرگری شارستانی خەلیفان دەرچووە بۆ شوێنی ئاگرەکە تاکو ئێستا داوای هاوکاری زیاتریان نەکردووە بۆ ئەوەی تیمی زیاتر بنێرین، بەهۆی ئەوەی ئاگرەکە لە شاخە کۆنتڕۆڵکردنی قورسە لە هەوڵی ئەوەداین ئاگر بڕ دروست بکەین.”

ئازاد شەرکانی، رەوەندێکی چیای بەنی هەریرە بە 964 وت “ئاگر گەیشتووەتە نزیکی ماڵەکانمان لە هەوڵی ئەوەین ماڵەکانمان نەسووتێت، جگە لە بەرگری شارستانی خەڵکێکی زۆر هاتووە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە”.