كارمه‌ندێك به‌هۆی مێسییه‌وه‌ له‌ كاره‌كه‌ی ده‌ركرا

+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

یەکێک لە پاککەرەوەکانی یاریگه‌ی یانه‌ی ئینتەر مه‌یامی ئەمریکی داوای لە ئەستێرەی ئەرجەنتینی لیۆنێل مێسی کرد واژۆ له‌ سه‌ر درێسەکەی بکات، بەڵام چاوەڕێی ئەوە نه‌بوو سزای دەستبەجێ لەسەر هەڵسوکەوتەکانی وەربگرێت و لە کارەکەی دووربخرێته‌وه‌.

کریستیان سالامانکای لاو لەگەڵ کۆمپانیایەکدا کاریان دەکرد، کە ئەرکی پاککردنەوەیان لە بۆنە وەرزشییەکان و کۆنسێرتەکاندا هەبوو، خۆشبەختانە بۆ ئەو، ئامادەبوونی بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا لە یاریگه‌ی ئینتەر مه‌یامی هاوکات بوو لەگەڵ بوونی ئەستێرە دڵخوازەکەی لەوێ، بۆیە لە کاتی کارکردنیدا گەنجەکە شوێنی خۆی جێهێشت و هەر کە گەیشتە گەراجی یاریگه‌کە بەرەو پاسی یانەکە رۆیشت، درێسێكی ئەرجەنتین بەرزکردەوە و داوای لە مێسی کرد واژۆی لەسەر بکات.

مێسی واژۆی لەسەر درێسەکە کرد، بەڵام پیاوە ئەمنییەکان یەکسەر چوونە لای کریستیان و لە شوێنەکە دووریان خستەوە. دواتر بڕیاری دەرکردنی بۆ هەمیشەیی لە کارەکەی وەرگرت.

هاوکات ئەو گەنجە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، لە پاککردنەوەی ئەو ئاودەستانەدا کاردەکات کە دەکەونە شوێنی گەراجی پاسەکانەوە له‌ ناو یاریگه‌كه‌.
ئاماژەی بەوەش کرد، “خۆشبەختانە من ئامادەبووم کاتێک پاسەکە هات و یاریزانەکان دابه‌زین، دواترینیان مێسی بوو، هاوارم کرد بۆ ئەوەی گرنگیم پێبدات، بە وتنی (سڵاو، پاڵەوانی جیهان)، ئه‌ویش هات و واژۆی له‌سه‌ر درێسه‌كه‌ كرد “.

لە درێژەی قسەکانیدا ده‌ڵێت: یەکسەر ئاسایشه‌كان هاتن، دواتر لە کارەکەم دەریانکردم، بەڵام ئه‌و واژۆه‌ شایانی ئەوە بوو”.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی یانه‌ی مه‌یامی بڕیاری داوه‌، هەموو کارمەندێکی یاریگه‌ی “DRV PNK” جا کارمەندی یانەکە بێت یان کۆمپانیایەکی دەرەکی، كه‌ گرێبەستیان لەگەڵ یاریگه‌کەدا هه‌یه‌، ئاگادار كراونه‌ته‌وه‌ نابێت به‌ داواكردنی وێنه‌ و واژۆ مێسی بێزار بكه‌ن.