بۆمبی ئەتۆمی بە هەنگاوێکی "گەمژانە" ناودەبه‌ن

78 ساڵ بەسەر بۆردوومانکردنی هێرۆشیمادا تێدەپەڕێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ئەمڕۆ له‌ ژاپۆن، بەئامادەبوونی سەرۆک وەزیران و سەرۆک شارەوانی هێرۆشیما و زیاتر لە 50 هەزار کەس، مەراسیمی 78مین ساڵڕۆژی بۆردوومانکردنی شاری هێرۆشیما، بە چەکی ناوەکی بەڕێوەچوو.

چه‌كه‌كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ به‌كارهێندرا كه‌ ئه‌وكات هاری ترومان، سەرۆکی ئەمریکا بوو.

رۆژانی6 تاكو 9ـى مانگى ئابی 1946 و لە کۆتاییەکانی جەنگی دووەمی جیهانیدا، ئەمریکا دوو بۆمبی ئەتۆمی بەسەر شارەکانی هیرۆشیما و ناكازاکی ژاپۆندا فڕێدایە خوارەوە، لەگه‌ڵ ته‌قینه‌وه‌ى بۆمبه‌كان 266 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و دواتریش 526 هەزار کەسی دیکە بەهۆی بەرکەوتنیان بە چەکەکە لە پاش رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە.

له‌ رۆژى 15.8.1946 ئیمپراتۆری ژاپۆن هیرۆهیتۆ، وتارێکی پەخشکرا، تێیدا خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجی وڵاتەکەی لە جەنگی دووەمی جیهانیدا راگەیاند و ئاماژەی بە سامناکی و مەترسی “دڕەندەترین بۆمبی نوێ” کرد.

لە مەراسیمى یادكردنه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆدا، کازومی ماتسووی سەرۆکی شارەوانی هێرۆشیما، هەوڵی وڵاتانی ئەندام لە G7 بۆ رێگریکردن لە پڕۆژە ئەتۆمییەکان بە “گەمژەیی” ناوبرد و داوای کرد بە زووترین کات رێکاری کاریگەر بۆ پاراستنی جیهان لە مەترسییەکانی ئەو چەکە بگرنە بەر.

ئەم ڕێوڕەسمە دوای دوو مانگ لە میوانداریکردنی لوتکەی G7 لە شاری هیرۆشیما دێت، کە تێیدا سەرکردەکانی گروپی حەوت سەردانی پارکی ئاشتی شارەکە و مۆزەخانەیەکی تایبەت بەو کەسانەیان کرد کە لە یەکەم هێرشی ئەتۆمیدا گیانیان لەدەستدا.

لە پەیامی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانیشدا، بۆ ساڵڕۆژی ئەو کارەساتە، لەمیانی مەراسیمەکەدا لەلایەن نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژاپۆن خوێندرایەوە ئاماژە بەوەکرا “پێویستە هەوڵەکان بۆ داماڵینی چەکی ناوەکی چڕتر بکرێتەوە چونکە مەترسییەکان زیاتر بوون و لەئێستادا تەپڵی هەڵگیرسانی جەنگی ناوەکی دەکوترێت”.