لە پاڵەوانیەتی تۆپی سەرمێزی عەرەب کوردێک پلەی دووەمی بەدەستهێنا

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

لە پاڵەوانیەتی تۆپی سەرمێزی وڵاتانی عەرەب، کوردێک پلەی دووەمی پاڵەوانیەتییەکەی بەدەستهێنا.

لە رۆژی کۆتایی پاڵەوانیەتی تۆپی سەرمێزی وڵاتانی عەرەب کە تایبەت بوو بە رکابەرییەکانی تاک و بە بەشداری 11 هەڵبژاردە رکابەرییەکانی لە هۆڵی زانکۆی سلێمانی بەرێوەچوو، لەسەر ئاستی تاک ئەندریا کارزان پاڵەوانی کوردی تەمەن 11 ساڵان وەک تاکە یاریزانی وڵاتی عێراق گەیشتە یاری کۆتایی، بەڵام بەرامبەر بە یاریزانی بەحرەینی شکستی هێناو بەوەش وەک تاکە کوردێک پلەی دووەمی لەسەر ئاستی پاڵەوانیەتی عەرەب بەدەستهێنا.

ئەندریا کارزان بە 964ـی راگەیاند، هەرچەندە خۆشحاڵ بوو کە لەم پاڵەوانیەتییەدا ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد، بەڵام خۆشتربوو پلەی یەکەم دەستەبەربکات.

دوای کۆتایی هاتنی پاڵەوانیەتییەکە و لەسەر ئاستی تاک و لە پێشکەوتوانی کوڕان، هەڵبژاردەی قەتەر پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، لەسەر ئاستی لاوانیش هەڵبژاردەی سعودیە یەکەم بوو، بۆ تازەپێگەیشتوانیش تونس پلەی یەکەمی مسۆگەرکرد، لەسەر ئاستی بێچووەشێران هەڵبژاردەی میسر نازناوەکەی بردەوە و بەحرەینیش لە خونچەکان پلەی یەکەمی مسۆگەرکرد، لەسەر ئاستی تازەپێگەیشتوانی کچانیش هەڵبژاردەی میسر پلەی یەکەمی دەستەبەرکرد.

پێداچوونەوە: توانا نەقی