خولی باسکەی کچان بەردەوامە
یانەکانی ئەکاد و گازی باکوور و سەنحاریب بردنەوەیان تۆمارکرد
964+
هێژا خەسرەو ـ هەولێر
لە رۆژی دووەم و گەڕی دووەمدا سێ یاری بەهێز لە سێ کاتی جیاوازدا لە هۆڵی یانەی ئەکاد لە عەنکاوە بەڕێوەچوون.
لە یاری یەکەمدا کە یاری لووتکە بوو، کچانی ئەکاد بەرامبەر کچانی ئەفرۆدێت یارییان کرد و یارییەکەشیان بە شایستەیی و بە ئەنجامی 71 خاڵ بەرامبەر بە 59 خاڵ لە کچەکانی ئەفرۆدێت بردەوە.
لە یاری دووەمیشدا کچانی دەربەندیخان هەرچەندە پێشکەوتن، بەڵام سوودیان لەم پێشکەوتنە وەرنەگرت و بە 51 خاڵ بەرامبەر بە 58 خاڵ بە کچانی گازی باکوور دۆڕان.
دوایین یارییش لەنێوان هەردوو یانەی سەنحاریب و سابیسدا کرا، تێیدا کچانی سەنحاریب لە یارییەکی بەهێز و ئاگریندا بە جیاوازی تەنها خاڵێک و بە 70 خاڵ بەرامبەر بە 69 خاڵ لە دوایین ساتەکاندا شکستیان بە کچانی سابیس هێنا.
ئازاد عەبدولڕەحمان، سەرپەرشتیاری خولەکە بە 964ی راگەیاند: ئاستی یاریزانەکان زۆر بەرزە، هۆکارێکی دیکەی بەرەوپێشچوونی خولەکە بۆ بەشداریکردنی یاریزانانی پیشەگەر دەگەڕێتەوە کە هێزی زیاتریان بە خولەکە و تیپەکان بەخشیوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان رەحمان