دیمەنێک لە یاری باسکەی خولی عێراق
سێ یانەی هەولێر بەشدارن
پاڵەوانیەتی باسکەی کچان بۆ پێشکەوتووان لە هەولێر بەڕێوەدەچێت
فەرمان سادق
پاڵەوانیەتی تۆپی سەبەتەی کچان بۆ پێشکەوتووان بە بەشداری شەش یانە لە هەولێر ئەنجامدەدرێت.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 1.8.2023، پاڵەوانیەتییەکە بە یاری نێوان سەنحاریب و گازی باکوور بەڕێوە بچێت.
هەر یەکە لە یانەکانی ئەکاد، سابیس و ئەفرۆدێت لە هەولێرن، دەربەندیخان لە سلێمانی و سەنحاریب لە دهۆک و گازی باکوور لە کەرکوک بەشدارن لە پاڵەوانیەتییەکە و هەر یانەیەکیش بۆی هەیە یاریزانێکی پیشەگەر بهێنێتە ریزەکانی.
تەواوی پاڵەوانیەتییەکە لە هەولێر بەڕێوە دەچێت، شەش یانەکەش بەسەر دوو گروپ دابەشکراون و یەکەمی گروپەکان یاری کۆتایی ئەنجامدەدەن.
موهەنەد عەبدولستار، ئەندامی یەکێتی تۆپی سەبەتەی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، ئامانج لە پاڵەوانیەتییەکە بەهێزتر کردنی رکابەرییە لەنێوان تیپەکان.
پاڵەوانیەتییەکە ئەمڕۆ دەستپێ دەکات و رۆژی شەممەی داهاتوو کۆتایی دێت.