سێ کێڵگە لە مین پاککرانەوە و رادەست کرانەوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە قەزای ئامێدی، سێ کێڵگە لە 133 پارچە مین و تەقەمەنی پاککرانەوە و رادەستی بەڕێوەبەرایەتی ناحیەکان کرانەوە.

رووبەری سێ کێڵگە مینەکە 173 هەزار و 705 مەتر دووجایە و دەکەونە ناحیه‌کانی دێره‌لووك، بامه‌ڕنێ و چه‌مانكێ لە قەزای ئامێدی.

ئەمڕۆ دووشەممە 31.7.2023، جەبار مستەفا سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین بە 964ـی راگەیاند، ژماره‌ی سودمه‌ندبووانی ئه‌و سێ كێڵگه‌ مینه‌ زیاتر له‌ 12 هه‌زار هاوڵاتییه‌ و پاککردنەوەیان راستەوخۆ بە سود دەبێت بۆ گه‌شتیاری.

“[پاککردنەوەی ئەو کێڵگانە] بە سود دەبێت بۆ گه‌شتیاری، به‌تایبه‌ت پڕۆژه‌ی گەشتیاری چیای گاره‌ کە پڕۆژەیەکی ستراتیژی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، هەروەها شوێنەکە بەگشتی بۆ مەبەستی دروستكردنی قوتابخانه‌ و یه‌كه‌ی نیشته‌جێ بوون هه‌روه‌ها بۆ ئاژه‌ڵداری و لەوەڕگا سوودی لێدەبیندرێت”، جەبار مستەفا وای وت.

بەپێی ئامارەکانی دەزگای گشتیی کاروباری مین، له‌ قه‌زای ئامێدی 303 كێڵگه‌ مین دۆزراونەتەوە و له‌و ژماره‌یه‌ 80 كێڵگه‌ مین دوای پاككردنه‌وه‌یان راده‌ستی خاوه‌نه‌كا‌نیان كراونه‌‌ته‌وه‌ و له‌ لایه‌ن ده‌زگای گشتیی كاروباری مین كاركردن له‌ كێڵگه ‌مینه‌كانی تریش به‌رده‌وامه.