15 کچ بوونە خاوەن پرۆژەی کشتوکاڵی خۆیان
964+
توانا نەقی
ژمارەیەک دەرچوی کۆلێج و پەیمانگای کشتوکاڵی لە قەزای باتیفای سەر بە زاخۆ پرۆژەیەکی کشتوکاڵی تایبەت بەخۆیان کردەوە.
ئەو دەرچووانە سەرجەمیان کچن و ژمارەیان 15 کەسە ئێستا سەرقاڵی پرۆژە کشتوکاڵییە نوێکەیانن.
کچەکان دەیانەوێت لە رێگەی ئەو پرۆژەوە کە لە خانووی پلاستیکی پێک دێت هەم پەرە بە کشتوکاڵ بدەن و هەمیش بژێوی خۆیان پەیدا بکەن.
سەلمان محەمەد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی زاخۆ بە 964ـی راگەیاند، ئەو دەرچوانە کە لە 15 کچ پێکدێن تازە دەستیان بە پرۆژەکەیان کردووە کە لە شەش خانووی پلاستیکی پێکدێت.
وتیشی،خانووەکان بەرهەمەکانی بایجان، بیبەر و خەیار بەرهەم دەهێنن، ئێمە لە رووی مەعنەوییەوە تەواو هاوکاریان دەبین، لە یەکەم هەنگاویشدا سەردانمان کردوون و بڕێک دەرمانی کشتوکاڵیمان بە دیاری پێداون.
“ئەو هەنگاوە زۆر دڵخؤشکەرە و هیوادارین هەموو گەنجانی دیکە چاویان لێ بکەن بە کوڕ و کچەوە ببنە خاوەن پرۆژەی تایبەتی خۆیان و هاوکاری خۆیان و خێزانەکانیشیان بکەن”، سەلمان محەمەد وای وت.