هەولێر خۆی بۆ دوایاریی ئەم وەرزە ئامادە کرد
+964
هێژا خەسرەو
لە گەڕی 38 و کۆتایی خولی نایابی عێراق یانەی هەولێر لە نێو یاریگەی خۆیدا میوانداریی یانەی ئەلقاسم دەکات و تیپەکە ئەم ئێوارەیە دوائامادەکاریی کرد.
یانەی هەولێر بە تەواوی یاریزانەکانییەوە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی لە یاریگەی خۆی ئەنجام دا و بە تەواوی بۆ یارییەکە ئامادەیە.
شوان مامۆ، بەڕێوبەری تیپی تۆپی پێی یانەی هەولێر لە خولی عێراق، بە 964ی راگەیاند، دیار نییە یانەی ئەلقاسم بەشداری یارییەکەی سبەی دەکات یان نا، بەڵام بە هەر جۆرێک بێت ئێمە ئامادەین و پلانەکانی خۆمان بۆ یارییەکە دادەنێین.
هۆکاری ئەگەری ئامادەنەبوونی یانەی ئەلقاسم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە یانەکە وادەی یەکی ئەم مانگەی وەک وادەی کۆتاییهاتنی خولەکەی بە یاریزانەکانی داوە، یاریزانە پیشەگەرەکانی یانەکەش یانەکەیان جێهێشتووە، یاریزانەکانی ئێستاشی نایانەوێت ئەم یارییە بکەن.
بڕیارە سبەی شەو کاتژمێر 09:30 یانەی هەولێر لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی یانەی ئەلقاسم بکات.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا