هەڵمەتێک دەستپێکرد
قژیان بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە سفر کرد
+964
شۆڕش هەرکی – هەولێر
حەسرەتی لەدەستدانی دایک و باوکی بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە، وای کرد گەنجێک لە بەردەم خەڵکيدا قژی سفر بکات و داوای خوێنبەخشین بکات بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە.
ئەمڕۆ لەنێو پارکی شاری هەولێر، هەڵمەتێکی مەیدانی بە قژسفرکردن و خوێنبەخشین دەستیپێکرد.
مستەفا عبدوڵا، رێکخەری هەڵمەتەکە بە964ی وت: دایک و باوکم بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە گیانیان لەدەستداوە، ئەمڕۆ لەگەڵ خوشکم، کە رێکخەری کارەکەین، هەستاین بە ئەنجامدانی ئەم کارە، کە سەرەتا ناوی ئەوکەسانەمان نووسی خوێن دەبەخشن و دواتر لەگەڵ چەند هاورێیەکی کچ و کوڕ لە ناو سەنتەری شاردا قژمان سفر کرد.
ئەو دەلێت: ئەمڕۆ سەردانی نەخۆشخانەی نانەکەلیمان کرد، بەنیازین هەمان کار لە سلێمانی و لە ناو نەخۆشخانەی هیوادا ئەنجام بدەین.
هەڵمەتەکە لەلایان چەند گەنجێکەوە راگەیاندراوە، دیارنییە تا چەند رۆژ بەردەوام دەبێت و ئامانجیان ئەوەیە زۆرترین خەڵک لەگەڵیان بەشداریی بکات.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا