کتێبێک دەتکاتە یاریزانی تۆپی پێ
“چۆن دەبیتە یاریزانێکی باشی تۆپی پێ” بڵاوکرایەوە
964+
هێژا خەسرەو- هەولێر
راهێنەرێکی تۆپی پێ کتێبێکی وەرزشی سەبارەت بە فێربوونی تۆپی پێ بڵاوکردەوە.
لە هەولێر و لە هۆڵی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی وەرزش، قەیس نەجمەدین، کە راهێنەری تۆپی پێیە لە وڵاتی نەرویج، کتێبێکی وەرزشی بە ناوی “چۆن دەبیتە یاریزانێکی باشی تۆپی پێ”، بڵاوکردەوە، کە کاری وەرگێڕانی بۆ کردووە و هەوراز کاوە کاری پێداچوونەوەی بۆ کردووە.
قەیس نەجمەدین کە بە قەیس بلباس ناسراوە، لە لێدوانێکدا بە 964ی وت، “مەبەستمە کچان و کوڕان بە جوانترین شێوە پەروەردە بکرێن و فێری تۆپی پێ بن بە شێوەیەکی زانستی”.
لە ناساندنی کتێبەکەدا، کە وەرگێڕانەکەی زیاتر لە سێ ساڵی خایاندووە و لە 22 بەش پێکهاتووە، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان و بەشێکی زۆری یاریزانان و راهێنەرانی تۆپی پێی کوردستان ئامادەبوون.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا