مێسی بۆ ئینته‌ر مه‌یامی مۆری كرد و ئه‌مڕۆ ده‌ناسێنرێت

+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

یانه‌ی ئینته‌ر مه‌یامی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ به‌ به‌یاننامه‌یه‌ك په‌یوه‌ندیكردنی لیۆنێل مێسی به‌ یانه‌كه‌وه‌ راگه‌یاند و بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ یاریزانه‌كه‌ به‌ میدیاكان و جه‌ماوه‌ر بناسێنرێت.

لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی بە فەرمی گرێبەستێکی لەگەڵ یانه‌ی ئینتەر مه‌یامی واژۆ کردووە و تا ساڵی 2025 بۆ ئه‌م یانه‌یه‌ یاریی ده‌كات.

مێسی وتی: زۆر بە پەرۆشم بۆ دەستپێکردنی ئەم هەنگاوەی داهاتوو لە ژیانی وەرزشیم لەگەڵ ئینتەر میامی و لە ئەمریکا، له‌ ماڵە نوێیەکەم.

یاریزانە تەمەن 36 ساڵییەکە سێشەممەی رابردوو گەیشتە فلۆریدا بۆ واژۆكردنی گرێبەستەکەی، کە موچه‌ی ساڵانە بە 60 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.

ئەستێرەكه‌ی تانگۆ بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ یەکشەممە لە مەراسیمێکی فەرمیدا لە یاریگه‌ به‌ هانده‌ران بناسێنرێت.

مێسی دەبێتە دیارترین یاریزان روو بكاته‌ خولی ئه‌مریكا، له‌ دوای ئه‌فسانه‌ی كۆچكردووی به‌ڕازیل “پێلێ”، کە لە ساڵی 1975 گەیشتە یانەی نیویۆرک کۆزمۆس.