65 ساڵ لەمەوبەر سیستمی پاشایەتی لە عێراق کۆتایی پێهات
964+
فەهمی نەبی
بەرەبەیانی رۆژی 14ی تەمموزی ساڵی 1958 کۆشکی ریحاب کە شوێنی مانەوەی مەلیک فەیسەڵی دووەم و خانەوادەکەی بوو لە بەغدا لەلایەن هێزێکی سەربازی هەڵگەڕاوە گەمارۆدرا و شا فەیسەڵی دووەم و خانەوادەکەی کۆمەڵکوژکران.
ئەو رۆژە سیستمی پاشایەتی کە 37 ساڵ بەردەوام بوو گۆڕا بۆ کۆماری، بەشێک لە خەڵک بە کودەتا ناوی دەبەن و هەندێکی دیکە وەک شۆڕش ناویدەهێنن.
بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان لەناو سوپای عێراق چەندین رێکخستن هەبوون بۆ بیرکردنەوە لە کودەتا، بەڵام بەهێزترینیان (رێکخراوی ئەفسەرانی ئازادیخواز) بوو بە سەرکردایەتی عەبدولکەریم قاسم و یاوەری عەبدولسەلام عارف.
رۆژی 14ی تەمموز، فەرماندەیی گشتی سوپا و رادیۆی بەغدا ئەو شوێنانە بوون کە بەزوویی کۆنتڕۆڵکران، لە رادیۆیی بەغدا یەکەم بەیاننامەی دامەزراندنی کۆمار خوێندرایەوە، گوێرەی سەرچاوەکان بەهێزترین بیانوی ئەوانەی کودەتایان ئەنجامدا نەهێشتنی هەژموونی بەریتانیا بوو بەسەر عێراقەوە.
ساڵی 1921 دەسەڵاتی پاشایەتی لە عێراق دامەزرا، لەماوەی 37 ساڵی تەمەنیدا سێ پاشا و جێگرێک حوکمی عێراقیان کرد، تا رۆژی 14ی تەمموز سیستمی کۆماری بەسەرکردایەتی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، شا فەیسەڵی دووەم بڕیار بوو رۆژی 8ی تەمموز بچێتە تورکیا و دواتر بۆ دیداری دەستگیرانەکەی بچێتە بەریتانیا، بەڵام وەزیری دارایی بۆ واژۆکردنی چەند یاسایەکی دارایی پێداگیری کرد و ئەو سەفەرەی لێ دواخست.
بنەماڵەی پاشایەتی لە عێراق سەر بە بنەماڵەی هاشمی حیجاز بوون و لەلایەن بەریتانیەکانەوە دانرابوون، رۆژی 14ی تەمموز هەریەکە لە شا فەیسەڵی دووەم و دایکی و خوشکی و عەبدوئیلاهی خاڵی لە باخچەی کۆشک کۆمەڵکوژکران و تەرمی عەبدوئیلاه بە یەکێک لە پردەکانی بەغدا هەڵواسرا.
دواتر دەستوری عێراق هەموار کرایەوە و لەمادەی سێدا ئاماژە بەوەکرا، کورد و عەرەب هاوبەشن لە ئەرک و مافدا.