لە ئاکرێ قەرزی کارەبا نەدەیتەوە بێ کارەبا دەبیت
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
لیژنەیەکی کارەبای قەزای ئاکرێ، دەستیکردوە بە بڕینی کارەبای ئەو ماڵ و شوێنە بازرگانیانەی کە قەرزارن و پارەیان نەداوە.
عەونی مەلا، بەرێوبەری کارەبای ئاکرێ بە 964ی وت، “لەم ساڵدا کارەبای زیاتر لە هەزار ماڵ و شوێنی بازرگانیمان بڕیوە، چونکە قەرزێکی زۆریان لەسەر کەڵەکە بووە و نایدەنەوە”.
بەوتەی بەڕێوەبەری کارەبای ئاکرێ، ئەوانەی کارەبایان بڕاوە، قەرزەکانیان لەسەرووی دوو ملیۆن دینار بووە.
بەڕێوەبەرایەتی کارەبای ئاکرێ، لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ وەرگرتنەوەی قەرزی کارەبا، ئەو لیژنەیە هاوکات بەداواداچوون بۆ سەرپێچیەکانی سەر کارەبا دەکات، بەتایبەت ئەو ماڵ و شوێنە بازرگانیانەی کارەبایان بە (سمارت میتەر) پێوەری زیرەک، گرێدراوە، بەڕێوەبەری کارەبای ئاکرێ دەڵێت، لە سیستم کارەباکەیان بڕاوە.
ئامارەکانی کارەبای ئاکرێ رایگەیاندووە، لە چوار مانگی ئەمساڵ 568 شوێنی بازرگانی و هەزار و 167 ماڵیش بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرزەوە کارەبایان بڕاوە، بەڕێوەبەری کارەبای ئاکرێ دەڵێت، “تا قەرزەکانیان نەدەنەوە کارەبایان نادەینەوە”.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی