ئه‌و كه‌سانه‌ى قومار به‌ دۆمبه‌ڵه‌ بكه‌ن ده‌ستگیر ده‌كرێن

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

پۆلیسی پارێزگاى دهۆك، به‌دواى ئه‌و كه‌سانه‌وه‌ن كه‌ له‌رێگه‌ى دۆمبه‌ڵه‌كردنه‌وه‌ قومار ده‌كه‌ن، وته‌بێژى پۆلیسیش ده‌ڵێت، وه‌كو قومارچی لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.

دۆمبه‌ڵه‌، جۆره‌ یارییه‌كى ژماره‌ییه‌، له‌رێگه‌ى خوێندنه‌وه‌ى ژماره‌وه‌ گۆشه‌ و هێڵى جیاواز له‌سه‌ر كاغه‌رێكی چاپكراو ده‌ستنیشان ده‌كرێت، زیاتر چانس رۆڵ له‌ بردنه‌وه‌ى كه‌سه‌كان ده‌بینێت.

له ‌دهۆك چه‌ندین شوێنكارى جیاجیا به‌تایبه‌تیش له‌ كافتریاكان بۆ كاتبه‌سه‌ر بردن، رێگه‌یان پێدراوه‌ یارى دۆمبه‌ڵه‌ى تێدا بكرێت، به‌ڵام به‌قسه‌ى پۆلیسی دهۆك، زێده‌ڕۆیی له‌و یارییه‌دا ده‌كرێت و ده‌یكه‌ن به‌ قومار.

عه‌قید هێمن سلێمان، وته‌بێژى پۆلیسی پارێزگاى دهۆك به‌ 964ـى راگه‌یاند، له ‌سنوورى پارێزگاكه‌یاندا له‌ چه‌ندین شوێن حاڵه‌تى قوماركردن به‌ یاری دۆمبه‌ڵه‌وه‌ هه‌بووه‌، لێپرسینه‌وه‌شیان له‌گه‌ڵدا كردوون.

وتیشی “له‌دهۆك قومارخانه‌ نیه‌ و ناشبێت هه‌بێت، بۆیه‌ ناشكرێت یارییه‌ك قوماری پێبكرێت”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، هه‌ر شوێنێك زێده‌ڕۆیی له‌و یارییه‌دا بكات و بیكات به‌ قومار لێپرسینه‌وه‌ى توند له‌گه‌ڵ خاوه‌ن شوێنه‌كه‌و قومارچییه‌كه‌ ده‌كرێت”.

به‌قسه‌ى وته‌بێژى پۆلیس، ماده‌ى تایبه‌تى یاسایی هه‌یه‌ بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سی قومارچی، ئه‌ویش بریتیه‌ له‌ ماده‌ى 389 له‌ یاسای سزادانى عێراقی و له‌ پێنج برگه‌ پێكهاتووه‌.