چارەنووسی مامۆستایانی وانەبێژ و گرێبەست چی لێدێت

964+

توانا نەقی – هەولێر

لە هەرێمی کوردستاندا ٣٥ هەزار مامۆستای وانەبێژ هەیە، بە قسەی خۆیان و یەکێتی مامۆستایان پێداویستییەکی زۆری قوتابخانەکانیان پڕکردوەتەوە، چەندین جار بۆ مافە داراییەکانیان و دامەزراندنیان گردبوونەوەو ناڕەزایەتییان ئەنجامداوە.

ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە 964+ـی وت؛ لە هەرێمی کوردستاندا ٣٥ هەزار مامۆستای وانەبێژ هەیە کە لە زاخۆ تا خانەقین دەگرێتەوە، وەزارەتی پەروەردە پرۆژەیەکی پێشکەشی ئەنجومەنی ڕاژە کردووە بۆ دامەزراندنیان.

لە بارەی ئەگەری دامەزراندنیان ئەحمەد گەرمیانی دەڵێ؛ لە ئێستادا حکومەت ناتوانرێت ئەو ٣٥ هەزار وانەبیژە دابمەزرێنێت، بۆیە ئەگەر تەنها یەک هەزاریش دابمەزرێت مانای وایە هیوایەک دەدات بەو وانەبێژانە و دەتوانرێت زیاتر دابمەزرێنریت.

964+ دەزانێت، لە ساڵی ٢٠١٤ تا ئێستا نزیکەی ٢٠ هەزار مامۆستا خانەنشین بوونەو تەنیا شەش هەزار گرێبەست جێگەی ئەوانیان پڕ کردۆتەوە، هیچ مامۆستایەکەی وانەبێژ لە جێگەی ئەوان دانەمەزراون.

ئەحمەد گەرمیانی وتی “دەتوانرا بە وانەبێژان شوێنەکانیان پڕ بکرێتەوە بەتایبەت ئەوانەی پسپۆرییان لە زمان و بیرکاریدا هەیە”..

سیراج بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی راژە لە لیدوانێکی میدیایدا باسی لەوەکردووە کە وەزارەتی پەروەردە داواکاری ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە، لەوێشەوە ئاراستەی ئەنجومەنی راژە کراوە بۆ دامەزارندنی مامۆستایان،” ئێمەش خەریکی پۆلێنکردنی سەرجەم ناوی وانەبێژانین لە ڕووی یاساییەوە کاری لەسەر دەکەین، دوای ئەوە دەینێرینەوە ئەنجومەنی وەزیران و لە کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیران، دوای ئەوەی دەزانن چەند وانەبێژ هەیە، بە پێی پڕکردنەوەی فۆڕم بڕیار لەسەر دامەزراندنیان دەدرێت”.

کارزان فیزیک، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی بە 964+ی ووت؛ هەرچەندە چەندین جار خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیان دەربڕیوە، ئەوان بەردەوامن لە ئەرکەکانیان وەک وانەبێژ، لە ئێستادا هیچیان کەم نییە لە مامۆستایانی میلاک بگرە وەکوو ئەوانن و هەندێک جار لە ئەوان زیاتر پشکی وانە وتنەوەیان هەیە، بۆیە بەردوام داوا دەکەن لە پێدانی مافە دارایەکانیان و دامەزراندنیان غەدریان لێنەکرێت.