نزیکەی ٦٤٠ هەزار هاوبەشی کارەبا لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە هەیە

داهاتی کارەبای سلێمانی ٣٠٪ زیاد دەکات

  ٦٤٠ هەزار هاوبەشی هەیە

+964

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

داهاتی کارەبای سلێمانی ٣٠٪ زیادی کردووە، بەڕێوەبەرایەتییەکەی دەڵێت؛ وەرگرتنی پارە لە بەردەمی ماڵان و وەگرتنەوەی قەرزی هاووڵاتیان بە قیست هۆکارەکەیەتی.

964+  لە بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانییەوە دەزانێت، نزیکەی دوو مانگە بەڕێوەبەرایەتییەکە مانگانە لەبەردەم ماڵان پارەی کارەبا وەردەگرێت و ئەو قەرزە کۆنەش وەرناگیرێت کە لەسەر هاوبەشەکانە.

سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بە 964+ـی راگەیاند، مانگانە کەمتر لە ٢٠ ملیار دینار داهاتی کارەبای سلێمانی بوو، ئەم دوو مانگە لە ٢٦ ملیار دینار نزیک بووەتەوە.

“ساڵی پار داهاتمان کەمتر بوو لە ٢٠٠ ملیار دینار، بەڵام ئەمساڵ بەم چەند مانگە رەنگە داهاتی ساڵاکەمان بگاتە ٢٢٠ ملیار دینار و بە شێوەیەکی گشتی داهات ٣٠٪ زیادی کردووە”، سیروان محەمەد وای وت.

بە بڕوای ناوبراو، هۆکارێکی تری زیادبوونی داهاتی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان وەرگرتنەوەی قەرزی کارەبای هاوبەشەکانیانە بە شێوەی قیست و تا ئێستاش ئەو خزمەتگوزارییە بەردەوامە.

پارێزگای سلێمانی کە هاوکات پارێزگای هەڵەبجەش تا ئێستا هاوبەشەکانی لەسەر ئەو بەڕێوەبەرایەتییەیە، نزیکەی ٦٤٠ هەزار هاوبەشی کارەبای هەیە.