پەروەردەی سلێمانی: دایکان و باوکان منداڵەکانیان دەگوازنەوە خوێندنگە حکومییەکان

+964
دیلان محەمەد جەزا

دوو رۆژه‌ دایكان‌ و باوكان سه‌ردانی پەروەردەی سلێمانی ده‌كه‌ن بۆ گواستنه‌وه‌ى منداڵه‌كانیان له‌ خوێندنگه‌ ئه‌هلییه‌كانه‌وه‌ بۆ حكومییه‌كان.

عومەر محەممەد بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بەوەکالەت به‌ 964ى وت، دوێنى‌ و ئه‌مڕۆش په‌یتا په‌یتا له‌ رێگه‌ى په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنى‌ و سه‌ردانه‌وه‌ دایكان‌ و باوكان ئه‌وانه‌ى منداڵه‌كانیان له‌ خوێندنگه‌ ئه‌هلیه‌كانن، داواى گواستنه‌وه‌یان ده‌كه‌ن بۆ خوێندنگه‌ حكومییه‌كان.

وتیشى، “ئه‌مه‌ ده‌رخه‌رى ئه‌وه‌یه‌ ئاستى زانست‌ و پێگه‌یاندنى خوێندكاران له‌ خوێندنگه‌ حكومییه‌كان زۆر به‌رزه‌”.

به‌ وته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى به‌وه‌كاله‌ت، “له‌ ماوه‌ى ساڵى رابردوودا ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ خوێندنگه‌ ئه‌هلی‌ و تایبه‌ته‌كان سزادراون‌ و پاره‌یه‌كى زۆریشیان لێ وه‌رگیراوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و سه‌رپێچیانه‌ى له‌ پرۆسه‌ى خوێندندا كردوویانه‌”.

سه‌باره‌ت به‌ ئامارێكى دروستیش له‌ باره‌ى سزادانى خوێندنگه‌ ئه‌هلى‌ و تایبه‌ته‌كان، مامۆستا عومه‌ر وتى، “سه‌رجه‌م ئاماره‌كان له‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ن‌ و ده‌بێت داوا له‌وان بكرێت، به‌ڵام ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ خوێندنگه‌ تایبه‌ت‌ و ئه‌هلییه‌كان سزادراون.

ئه‌م پێشهاته‌ دوای ئه‌وه‌ دێت، زۆرینه‌ی یه‌كه‌مه‌كانی ئه‌مساڵی پۆلی 12 له‌ قوتابخانه‌ حكومییه‌كان بوون.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا