+964 هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ئاشکرا دەکات

+964

فەرمان سادق

ماوەی چەند رۆژێکە نرخی بەهای دۆلار بەرانبەر دیناری عێراقی بەشێوەیەکی بەرچاو لە هەڵکشاندایە، خاوەن نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراویش دەڵێ؛ خواستی ئێران و تورکیا بۆ کڕینی دۆلارو کەمکردنەوەی خستنەڕوو لەلایەن بانکی ناوەندی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارن.

عەبدولئەحەد کەمال، خاوەنی کۆمپانیای شەمس و بەحر لە بۆرسەی بازاڕی دراو لە هەولێر بە +964ـی راگەیاند، زیاتر لە ١٢ رۆژە بەهای دۆلار لە بەرزبوونەوەی بەردەوام دایە، بۆ ئەمڕۆ چوارشەممە حەوتی کانونی یەکەم، بەهای ١٠٠ دۆلاری ئەمەریکی بەرانبەر ١٥١ هەزار دیناری عێراقی بوو.

لەبارەی هۆکاری هەڵکشانی بەهای دۆلار، خاوەنی کۆمپانیای شەمس و بەحر لە بۆرسەی بازاڕی دراو لە هەولێر روونیکردەوە کە ئێستا تورکیا خواستی لەسەر کڕینی دۆلار زۆرەو رۆژانە زیاتر لە ١٥ ملیۆن دۆلار لە زاخۆوە حەوالە دەکرێت بۆ تورکیا.

زیاتر وتی “پێشتر ئێران خواستی زۆر لەسەر بوو، ئێستا تورکیایشی هاتۆتەسەر، هەردوو وڵات کە بەهای دراوەکەیان بەرانبەر دۆلار دابەزیوە، کاخەز چاپ دەکەن و دۆلاری پێ دەکڕن، ئەمە یەکێکە لە هۆکارەکان”.

هاوکات بانکی ناوەندی، لە شەشی تشرینی دووەم، واتە مانگی رابردوو، کارکردنی لەگەڵ چوار بانک راگرت و چیتر لە بازاڕی مەزادی دراو لە عێراق، دۆلاریان پێ نادات بە پاساوی وردبینی لەو چوار بانکە.

پێش بڕیارەکەی بانکی ناوەندی عێراقی، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، کارکردنی لەگەڵ ١٤ بانکی عێراقی راگرت بە تۆمەتی ئەوەی دۆلار دزە پێدەکەن بۆ دەرەوەی عێراق.

هاوکات بانکی ناوەندی ژمارەیەک رێنمایی نوێی دەرکردووە کە سەرەتای ئەم مانگە چووە بواری جێبەجێکردنەوە، لەوانە دانانی سەکۆیەکی ئەلکترۆنی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نووسینگەکانی حەوالەی دراو.

جگە لەمەش، لەمەولا هەر بازرگانێک شتومەک هاوردە بکات بۆ عێراق، ئەوا پێویستە لیستی کڕینی شتومەکەکان بداتە بانک ئینجا پارەکە کە بە دۆلارە حەوالە بکرێت بۆ دەرەوە.

عەبدولئەحەد کەمال، خاوەنی کۆمپانیای شەمس و بەحر ئاماژەی بەوەشدا کە یەکێکی تر لە هۆکارەکانی هەڵکشانی بەهای دۆلار، کەمی خستنەڕووی دۆلارە لەلایەن بانکی ناوەندی، وتی “پێشتر سەرووی ١٥٠ ملیۆن دۆلاری رۆژانە دەخستە مەزادەوە، ئێستا ئەو بڕە بۆ کەمتر لە ٨٠ ملیۆن دۆلار دابەزیوە”.