ئێران و لوبنان دووەم و سێیەمن
بۆ گەشتی جەژنیان هاوڵاتیانی سلێمانی زیاتر روویان لە تورکیا کردووە
964+
پێشەوا محەمەد
وڵاتی تورکیا ریزبەندی یەکەمی ئەو وڵاتانەی گرتووە، کە ئەم جەژنە هاوڵاتیانی سلێمانی گەشتیان بۆ کردووە و دوای ئەویش ئێران و لوبنان دێن.
سەرەڕای راگرتنی گەشتی ئاسمانیی نێوان تورکیا و سلێمانی، هاوڵاتیانی سلێمانی لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و کەرکوکەوە دەچنە تورکیا.
ئەم جەژنە بەراورد بە جەژنی رەمەزان گەشتیار زیاترە و هۆکارەکەی ماندووبوونی هاوڵاتیانە بەهۆی رۆژوو گرتنیانەوە لە مانگی رەمەزاندا. ئەوە قسەی کۆمپانیاکانی گەشتیارییە.
ژێوار جەلال، بەڕێوەبەری کۆمپانیای فۆینێکس تراڤڵ بە 964ـی وت، “سەردانیکردنی گەشتیارانی سلێمانی بۆ تورکیا بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەکەیەوە کەمیکردووە، بەڵام هێشتا لە پلەی یەکەمدایە”.
دەشڵێت، بەهۆی ئاسانی گەشتکردن بۆیان وڵاتانی ئێران و لوبنان لە پلەی دووەم و سێیەمی شوێنی گەشتەکانی دانیشتوانی سلێمانین.