ئاوی دووبارە بەکارهاتوو بۆ گەورەترین پارکی هەولێر دابیندەکرێت

فەهمی نەبی

رێکخراوی هەسار دەیەوێت لەرێگەی دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاوی بەکارهاتووی هەولێر، دارەکانی پارکی سامی عەبدولرەحمان ئاو بدات و چیدیکە ئاوی بیرەکانی ئەو پارکە بەکارنەهێنن.

پارکی سامی عەبدولرەحمان، یەکێکە لە گەورەترین پارکەکانی شاری هەولێر لە سەرەتای ساڵی 2000 دەستکراوە بە دروستکردنی، 250 جۆر داری لێڕوێنراوە و ژمارەیان بەهەزاران دەبێت.

گەشبین ئیدریس، بەڕێوەبەری رێکخراوی هەسار بە 964ی وت، “پڕۆژەکەی ئێمە بەناوی (تێکڕایی خەرجی سفری ئاو)ە، وەک سەرەتا لە پارکی سامی عەبدولرەحمان دەستمان پێکردووە، ئەو پارکە زیاتر لە 20 بیری تێدایە و ئاوی شیرین بۆ ئاودانی دارەکان بەکاردهێنن، دەمانەوێت ریسایکل کردنەوەی ئاوی بەکارهاتووی ماڵان بەکاربێنین بۆ ئاودانی دارەکان”.

بەوتەی گەشبین ئیدریس، رێڕەوێکی گەورەی ئاوی بەکارهاتووی ماڵان بەنزیکی پارکی سامی عەبدولرەحمان تێپەڕدەبێت، ئەو دەڵێت “پلانمان ئەوەیە ئەو ئاوە بەکارهاتووە دوبارە لە فلتەر بدەینەوە و دواتر ئاوەکە تێست دەکرێت کە لە تاقیگە دەرچوو ئینجا بەکاریبێنینەوە، وەک تێستی سەرەتا ئەو ئاوە تەنیا بۆ دارەکان بەکاردێنین و بۆ چیمەنی باخچەکان بەکاریناهێنین”.

ئەمڕۆ دووشەممە، رێکخراوی هەسار بڵاویکردوەتەوە، لەگەڵ نوێنەری وەزارەتی شارەوانی و ئیدارەی پارکی سامی عەبدولرەحمان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاوی هەرێم کۆبونەتەوە و بڕیاردراوە لەماوەی سێ مانگ پلانەکە جێبەجێبکەن.

بەڕێوەبەری رێکخراوی هەسار دەڵێت، “بەپێی خەمڵاندنی ئێمە، ئەگەر ئاودانی دارەکانی پارک بەم شێوازە بەردەوام بێت، ئاوی هەولێر و بیرەکانی ئەو پارکە زۆر زۆر کەم دەبێتەوە”.

هاوکات ئەوەش دەڵێت، سەرەتا سێ بۆ چوار بیر دادەخرێن، دواتر وردە وردە ئاوی بیرەکان بەکارنایەت و ئاوی دوبارە بەکارهاتوو دەبێتە جێگرەوە.

بەپێی زانیارییەکان سپۆنسەری سەرکی پڕۆژەی (تێکڕایی خەرجی سفری ئاو) بانکی جیهانە، جێبەجێکردنی لایەنە زانستیەکەی لەلایەن زانکۆی سەگد لە هەنگاریا دەبێت، بڕیاروایە رێکخراوی یونسێف هاوکاری پڕۆژەکە بێت و رێکخراوی هەسار جێبەجێی دەکات.