سوودی لە دۆڕانی نەجەف نەبینی

هەولێر و کەرخ بێ گۆڵ یەکسان بوون

964+

هێژا خەسرەو – هەولێر

لە گەڕی 33ـی خولی نایابی خولی عێراق، یانەی هەولێر لەسەر یاریگای خۆی بەرامبەر بە کەرخ بەرامبەر بوو، هاوکات یانەی نەجەف بەرامبەر بە شورتەی پێشەنگ دۆڕا و زاخۆش یەکسان بوو.

ئەمڕۆ یەکشەممە 25.6.2023، لە گەڕی 33ـی خولی نایابی عێراق چوار یاری ئەنجامدران.

یانەی هەولێر کە بە 45 خاڵ لە پلەی هەشتەم دێت، لەسەر یاریگای فەرەنسۆ هەریری میوانداری یانەی کەرخی پلەی 13ـی ریزبەندی کرد بە 43 خاڵ.

پەیامنێری 964 لەناوە یاریگای یانەی وەرزشی هەولێر رایگەیاند، گێمی یەکەم یارییەکە هاوسەنگ بوو، تا رادەیەک یانەی هەولێر باشتر بوو.

دەشڵێت: گێمی دووەمیش بە هەمان شێوە هاوسەنگ بوو، تا ئەو کاتەی یاریزان ئەمجەد رازی هێرشبەری یانەی هەولێر دەرفەتێکی زێڕینی گۆڵ تۆمارکردنی لەدەستدا، هاوکات لە دوا خولەکەکانی یارییەکەشدا لە هێرشێکی پێچەوانەدا یاریزانانی کەرخ نزیکبوون لەوەی گۆڵی سەرکەوتن تۆمار بکەن، بەڵام دەرفەتەکەیان لەدەستدا و یارییەکەش بەبێ گۆڵ یەکسان بوو.

هاوکات یانەی زاخۆ لەسەر یاریگای شەعب لە بەغدا بووە میوانی یانەی نەوت و یارییەکەش بە گۆڵێک بۆ هەردوولا یەکسان بوون.

لای خۆیەوە یانەی شورتە لەسەر یاریگای کەربەلای نێودەوڵەتی کەربەلا بە پێنج گۆڵی بێ بەرامبەر لە یانەی نەجەفی شەشەمی ریزبەندی بردەوە و بەو ئەنجامەش پێگەی خۆی لە پێشەنگدا قایمتر کرد کە خولی نایابی عێراق تەنیا پێنج گەڕی ماوە و یانەی نەجەفیش هەر لە ریزبەندی شەش مایەوە بە 49 خاڵ.

لە یارییەکی تری گەڕی 33ـی خولی نایابی عێراق، یانەی تەڵەبە بە دوو گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی نەوتی بەسرەی بردەوە.