زیاتر له 10 چاڵ هه‌ڵكه‌ندراون
له قه‌ڵادزێ شوێنى تایبه‌ت بۆ فڕێدانى پاشماوه‌ى ئاژه‌ڵ ئاماده‌كراوه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
شاره‌وانیى قه‌ڵادزێ چه‌ند شوێنێكى تایبه‌تى ئاماده‌كردووه بۆ فڕێدانى ئه‌و پاشماوانه‌ى ئاژه‌ڵ، كه خه‌ڵكى به هۆى قوربانیكردنه‌وه فڕێی ده‌ده‌ن، سه‌رۆكى شاره‌وانیش ده‌ڵێت، ساڵانه ئه‌م شوێنانه ئاماده ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌مساڵ رێكاره‌كانمان تووندتر كردووه.
ساڵانه له هه‌رێمی كوردستان به تایبه‌تیش له جه‌ژنى قورباندا، خه‌ڵكێكی زۆر قوربانیی ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى نه‌خۆشی تاى خوێنبه‌ربوون، رێكارى تووندتر گیراونه‌ته به‌ر.
شاره‌وانیى قه‌ڵادزێ له سنوورى شاره‌وانییه‌كه‌یدا 11 شوێنى بۆ فڕێدانى پاشماوه‌ى ئاژه‌ڵ ئاماده‌كردووه، خه‌ڵكیشی ئاگادار كردووته‌وه پاشماوه‌كانیان له‌و شوێنانه فڕێبده‌ن كه بۆیان دیاریكراوه.
ئارام محه‌مه‌د سه‌رۆكى شاره‌وانیى قه‌ڵادزێ، به 964ـى راگه‌یاند، ساڵانه ئه‌و شوێنانه ئاماده ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌مساڵ به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نى ته‌ندروستى رێكاره‌كان تووندتركراون.
وتیشی “ئه‌و شوێنانه‌ى دیاریمان كردوون، دواى فڕێدانى پاشماوه‌كان هه‌مووى ده‌گوازینه‌وه بۆ شوێنێكی تایبه‌ت”.
سه‌رۆكى شاره‌وانى ده‌شڵێت، چاڵی تایبەتیان هەڵکەندووە تا ژینگەی شارەکەیان پیس نەبێت و تەندروستیی هاوشاریانیان پارێزراو بێت.
تیمەکانی شارەوانی لە رۆژانی جەژندا لە گەڕاندا دەبن، بە مەبەستی چاودێریکردنی پاک‌وخاوێنی شارەکە، تا چاودێریی هاوڵاتیان بکرێت بۆ ئەوەی پاشماوەی زیادەی ئاژەڵە سەربڕاوەکان لەو شوێنانەدا ژێرخاک بکرێن و تەندروستیی هاوڵاتیان پارێزراو بێت و هیچ نەخۆشی و بۆنی ناخۆش بڵاونەبێتەوە.