پارە بلۆککراوەکانی ئێران چەندە و لەکوێن؟

خوێندکارە ئێرانییەکان بە”هەنگاوی شۆڕشگێریی” چیان بەسەر وڵاتەکەیاندا هێنا؟

فەرهاد حەسەن

کاتێک لە ساڵی 1979دا، سێ خوێندکاری ئێرانی (ئیبراهیم ئەسغەرزادە، موحسین میردامادی و حەبیبوڵا بێتەرەف) هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران، هەرگیز وێنای ئەوەیان نەدەکرد کە هەنگاوە “شۆڕشگێڕییەکەیان” دوای چەندین دەیە دەبێتە هۆی پەکخستنی ئابووری وڵاتەکەیان و بلۆککردنی ملیاران دۆلار لە بانکەکانی جیهاندا.

ئەوکات جیمی کارتر، سەرۆکی ئەمریکا، دوای دەستبەسەرکردنی دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکان، فەرمانی بلۆککردنی 12 ملیار دۆلاری ئێرانی لەناو ئەمریکا دەرکرد، کە بووە سەرەتای زنجیرەیەک سزای ئابووری کە لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا گەیشتە ئاستی سزادانی ئەو کۆمپانیا بیانیانەشی کە مامەڵەیان لەگەڵ تاران دەکرد.

هەوراز و نشێوی رێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی 2015، ئێران توانی دوای رێکەوتنەکە دەستی بگاتەوە بە نزیکەی 50 ملیار دۆلاری بلۆککراو، تەنانەت ئیدارەی باراک ئۆباما 1.7 ملیار دۆلاری دیکەی بۆ تاران گەڕاندەوە کە پەیوەندی بە کڕینی چەکەوە هەبوو لە سەردەمی شادا، بەڵام ئەم کرانەوەیە زۆری نەخایاند، لە ساڵی 2018 دا دۆناڵد ترەمپ لە رێککەوتنەکە کشایەوە و سیاسەتی “ئەوپەڕی فشار”ی گرتەبەر، ئەمەش وایکرد سەرجەم داراییە نوێیەکانی ئێرانیش لە بانکەکانی دەرەوەدا دووبارە بلۆک بکرێنەوە.

هەرچەندە ژمارەیەکی فەرمی یەکلاکەرەوە لەبارەی ئەو پارە بلۆککراوانەی ئێران نییە، بەڵام خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زیاتر لە 100 ملیار دۆلاری ئێران لە چەندین وڵاتدا گیریان خواردووە، لەوانەش:

لە وڵاتی چین 20 ملیار دۆلار، کۆریای باشوور: حەوت ملیار دۆلار، هیندستان حەوت ملیار دۆلار، عێراق شەش ملیار دۆلار، ئەوروپا پێنج ملیار دۆلار، ژاپۆن سێ ملیار دۆلار و لە ئەمریکاش دوو ملیار دۆلار، ئەمە جگە لە چەندین ملیار دۆلاری دیکە لە وڵاتانی وەک قەتەر، ئەڵمانیا و چەند بانکێکی دیکە.

لەئێستادا، پارە وەک وەکو گەورەترین کارتێکی فشار لە دۆسییە داراییە بلۆککراوەکان لە هەر دانوستانێکی نێوان تاران و واشنتن، بەکار دەهێندرێت، ئێران گەڕاندنەوەی ئەو پارانە بە مافێکی سەرەتایی خۆی دەزانێت، لە کاتێکدا ئەمریکا وەک ئامرازێک بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمی و ناوچەییەکەی ئێران بەکاری دەهێنێت.

بەم شێوەیە، ملیاران دۆلاری ئێران بۆ ماوەی زیاتر لە چوار دەیە لە نێوان بڕیارە سیاسییەکان و هەژمارە بانکییەکاندا بە هەڵواسراوی ماونەتەوە.