تەندروستی سۆران: 10 رێنمایی دەرکرد
سۆران.. سێ کەس بە تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستداوە و دووی تریش لەژێر چاودێری چڕ دان
964+
فەرمان سادق
تەندروستی سۆران بە 10 خاڵ داوا لە دانیشتووانی شارەکە دەکات خۆیان لە پەتای تای خوێنبەربوون بپارێزن، ئەمەش لەکاتێکدایە وەک خۆیان دەڵێن تاوەکو ئێستا پێنج حاڵەتی تای خوێنبەربوون تۆمارکراوە کە سێ لەوان گیانی لەدەستداوە و دووەکەی تریش لەژێر چاودێری چڕدان.
کەمێک پێش ئێستا بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە تاوەکو ئێستا پێنج حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تۆمارکراوە و دوو نەخۆشیش لەژێر چاودێری چڕدان بۆیە سەربڕینی ئاژەڵ بەهەموو شێوەیەک لە ماڵان قەدەغەیە و نابێت گۆشتی ئاژەڵ تێکەڵ بەیەکتری بکرێت.
10 رێنماییەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران:
1- سەربڕینی ئاژەڵ لە ماڵان بە هەمـــوو شێوەیەك قەدەغەیە، سەربڕین تەنیا لەشوێنی رێگەپێدراو دەبیت.
2- پێویستە هاوڵاتیان پابەندی رێنمایی تەندروستی بن، كە لە قەزاو ناحیەكان دەردەچن.
3- بەهیچ شێوەیەك نابێت گۆشتی ئاژەڵ تێكەڵ بە یەكتر بكرێت، لەكاتی دابەشكردن لە رۆژانی جەژندا.
4- پابەندبوونی گۆشتفرۆشان (قەساب) بە لەبەركردنی كەلوپەلی خۆپاراستن، وەک: (ماسک و دەستكێش، جلی تایبەتی خوپارێزی لەكاتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵان یان گۆشت و خوێنەكەی، بە پابەندنەبوون بەو رێنماییانە بەتوندی سزا دەدرێت).
5- پێش سەربڕین پێویستە ئاژەڵ بەر لە دوو هەفتە بە دەرمانی تایبەتی رشاندن چارەسەر كرابێت.
6- دوای سەربڕینی ئاژەڵ، شوێنەكە پاك بكرێتەوە بە بەكارهینانی گیراوەی كلۆر (دەگیرێتەوە بە بەكارهینانی فاس بەڕێژەی 6% و بەشێك لە فاس بۆ یازدە بەش لە ئاو)، هەروەها پاکردنەوەی كەلوپەلی بەكارهاتوو.
7- پێویستە هاوڵاتیان گۆشتی سوور لە شوێنی رێگەپێدراو بكڕن و دەستەوانە (دەستکێش) لەدەست بكەن و ئاگاداربن دەستیان هیچ برینێكی تێدا نەبێت. تەختەی وردكردنی گۆشت جیا بێت لە تەختەی وردكردنی سەوزە. شوێنی لەتكردنەكە خاوێن بكرێتەوە بە ئاوی گەرم و سابوون، شوێنەكە بە مادەی پاکەرەوە خاوێن بكرێتەوە.
8- كوڵاندنی گوشت لەماوی 30 خولەک (نیو کاتژمێر) كەمتر نەبێت.
9- لەبەركردنی جلی كاڵ و قۆڵدرێژ لەكاتی سەردانیكردنی ئەو شوێنانەی گەنەی تێدا بڵاوبوتەوە و بەكارهێنانی كرێم و سپرای تایبەت بۆ دووركردنەوەی مێش و گەنە.
10- لەكاتی هەبوونی ئەم نیشانانە بەزووترین كات پەیوەندی بە نزیكترین نەخۆشخانە یان پزیشكی پسپۆر بكەن (تای بەهێز – بێهێزی لەش – سەرئێشانی زۆر).