هەفتەی داهاتوو یاسای بودجە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاودەکرێتەوە

964+

فەهمی نەبی

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، دوای واژووکردنی یاسای بودجە لەلایەن سەرۆک کۆمار، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوبکرێتەوە.

ئەمڕۆ هەینی رۆژنامەی سەباحی زمانحاڵی حکومەتی عێراقی، لەسەر زاری موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردوەتەوە، رۆژی یەکشەممە یاسای بودجە لە رۆژنامەی فەرمی وەقائیعی عێراقی بڵاودەکرێتەوە، بەمەش تەنیا رێنمایی وەزارەتی دارایی دەمێنێت و دەچێتە بواری جێبەجێکردن.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئەوەشی وتوە، رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی دەکەوێتە دوای پشوەکانی جەژنی قوربان.

سەبارەت بە هاتنی بەشە بودجەی هەرێم جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ 964 وتی “لە 1.7 تاوەکو 25.7 واتا لەماوەی 25 رۆژدا دەبێت هەرێم نەوتەکەی رادەستکردبێت بۆ ئەوەی بەغدا بەشە بودجە بنێرێت”.

هاوکات جەمال کۆچەر ئەوەشی وت “بابەتەکە پەیوەستە بە ئیلتیزامەوە، تا کۆتایی مانگی داهاتوو هەموو شت دەردەکەوێت”.

بودجەی گشتی عێراق بۆ سێ ساڵە، پێکهاتووە لە بودجەی هەریەکە لە ساڵەکانی 2023، 2024، 2025 کە پشکی هەرێم تیایدا بۆ هەر ساڵێک 16 ترلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن دینار.

رۆژی 21ی حوزەیران، لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق، واژووی لەسەر یاسای بودجەی عێراق کرد و رەوانەی وەزارەتی دادی کرد بۆ ئەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوبکرێتەوە.