شەش مانگە بێ دەرماڵەن
کارمەندانی تەندروستیی 161 بنکە لە سلێمانی و هەڵەبجە بایکۆتیان دەستپێکرد
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
ئەمڕۆ سێشەممە، کارمەندانی تەندروستیی 161 بنکە لە سلێمانی و هەڵەبجە دەستیانکرد بە مانگرتن و داوای خەرجکردنی دەرماڵەکانیان دەکەن.
هاوژین عوسمان، سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە بە 964ی وت، دەرماڵەی مانگانەی هەموو ئەو کارمەندانە کە لە هۆبە و بەشی بنکە تەندروستییەکان کاردەکەن ناگاتە 20 ملیۆن دینار، بەڵام ماوەی شەش مانگە بۆیان خەرجنەکراوە.
دەرماڵەی هەر کارمەندێکی تەندروستی بەپێی تەمەن، خزمەت و ژمارەی خێزان دەگۆڕێت، بڕەکەشی لەنێوان 50 بۆ 150 هەزار دیناردایە.
بە وتەی هاوژین عوسمان، دەرماڵەی ئەو کارمەندانە بەپێی رێنماییەکی ساڵی 2012 بڕدراوە و ماوەی 11 ساڵە کار بەو رێنماییە ناکرێت و تازە کارا کراوەتەوە.
“ئەو بڕیارە تەنیا لە سلێمانی و هەڵەبجە جێبەجێدەکرێت، دەرماڵەی کارمەندانی تەندروستی لە لە هەولێر، دهۆک و گەرمیان نەبڕدراوە”، هاوژین عوسمان وای وت.
سەرۆکی لقی سلێمانی کارمەندانی تەندروستی و رێکخەری بایکۆتەکە بە 964ـی وت، لەو چەند مانگەی رابردوودا لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەت، وەزیری دارایی و پارێزگار و کەسایەتی سیاسیش کۆبوونەتەوە، بەڵام هیچ دەرئەنجامێکی نەبووە.
بەوتەی هاوژین عوسمان، بنکەی تەندروستی هەیە تەنیا یەک کەس بەرێوەی دەبات، کە خۆی دەبێت 10 کەس دەوامی تێدا بکات، ئێستا ئەو یەک کەسە لە هەمانکاتدا چارەسەرکارە، کارگوزارە، ئیشپێکاری مۆلیدە و بەریدیشە، بەڵام لە مانگی ئادارەوە دەرماڵەکەیان بڕیوە.