هاتوچۆ رێنمایی بڵاوکردووتەوە

کەشەکە گەرمی کردووە و ئاگاتان لە خۆتان و ئۆتۆمبێلەکانیشتان بێت

توانا نەقی

رۆژ لە دوای رۆژە جەوەکە گەرمتر دەبێت و ئیتر لە مانگی تەموزداین لە هەمووشی گرنگتر جێبەجێکردنی ئەو رێنمایانەیە کە بۆ شۆفێر دەردەکرێن و بۆ ئەوەی هەم سەلامەتی خۆیان هەم ئۆتۆمبێلەکانیان بپارێزن.

هاتوچۆی هەڵەبجە کۆمەڵە رێنماییەکی بۆ شۆفێران بڵاوکردووەتەوە کە چۆن لەم گەرما تاقەتپڕوکێنەدا خۆیان و ئۆتۆمببێلەکانیشیان بپارێزن.

ئەمە ئەو رێنماییانەن کە هاتوچۆ بڵاویکردوونەتەوە:

– ​پشکنینی سیستەمی ساردکەرەوە (ڕادێیەتەر) دڵنیابە لەوەی ئاوی ساردکەرەوە (Anti-freeze/Coolant) بە ئاستێکی گونجاوە و هیچ لێچوونێک نییە و گەرمبوونی زۆری بزوێنەر باوترین کێشەی هاوینە.

– ​چاودێری کردنی تایەکان لە هاویندا بەهۆی گەرمای زەوی، پەستانی هەوای تایەکان بەرز دەبێتەوە هەروەها تایە کۆنەکان زیاتر مەترسی تەقینیان لەسەرە دڵنیابە لە تەمەن و گونجاوی تایەکان بۆ پلەی گەرمی بەرز.

– ​پاتری ئۆتۆمبێل یەکێکی دیکەیە لەو بەشانە کە گەرما کار لە کیمیاوی ناو پاتریەکە دەکات و تەمەنی کورت دەکاتەوە پشکنینی بۆ بکە ئەگەر کۆنە یان لاواز بووە.

– ​پاراستنی ناوەوەی ئۆتۆمبێل ئەگەر دەکرێت ئۆتۆمبێلەکەت لە سێبەر رابگرە هەروەها بەکارهێنانی پەردەی دژە خۆر بۆ جامی پێشەوە یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی پلەی گەرمی ناوەوە و پاراستنی داشبۆرد.

– کەمکردنەوەی گەرمی سەرەتایی، لە کاتی لێخوڕین دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکە لە بەر خۆردا وەستابوو، بۆ ماوەیەک جامەکان بکەرەوە تا هەوای گەرم دەچێتە دەرەوە پێش ئەوەی ئەی سی (A/C) بەکاربهێنیت.