لەدوای 30 ساڵ گەڕەکێکی رانیە کۆنکرێت دەکرێت

964+

ژێوار خدر – راپەڕین

چوار کۆڵانی گەڕەکی قەڵاتی نوێ لە رانیە ماوەی نزیکەی 30 ساڵە جادەکەیان خۆڵە، ئێستا بڕیاریان بۆ دەرچووە بۆئەوەی کۆنکرێت بکرێن.

لیژنەی هونەری  شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی راپەڕین، پڕۆژەی رێگاسازی و کۆنکرێتکردنی بەشێک لە کۆڵانەکانی گەڕەکی قەڵاتی نوێی دەستپێکرد.

رێباز پیرۆت، یاریدەدەری بەڕێوەبەری شارەوانیی راپەڕین بە 964ـی وت، پڕۆژەکە بۆ  گەڕەکی قەڵاتی نوێیە، کە لەسەر بودجەی شارەوانیی راپەڕین جێبەجێ دەکرێت، گوژمەکەی 57 ملیۆن دینارە.

رێباز پیرۆت زیاتر وتی، چوار کۆڵان لە گەڕەکی قەڵاتی نوێ کۆنکریت دەکرێن و بڕیاڕە لە ماوەی دوو مانگدا پڕۆژەکە بە کۆتا بگات.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر