داوای شەش ملیار دینار دەکرێت

چوار گەڕەک و چەندین گوندی سۆران بێ ئاون

964+

ئاسۆ وەرتی ــ سۆران

چوار گەڕەک و چەندین گوند لە سنووری ئیدارەی سۆران وەک پێویست ئاوی خواردنەوەیان پێناگات، بەڕێوەبەری ئاوی قەزاکەش دەڵێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێویستیان بە شەش ملیار دینارە.

دوو رۆژی ماوە بۆ وەرزی هاوین، بەڵام هەر لە ئێستاوە کەمئاوی بەرۆکی گەڕەکەکانی جوندیان، قەندیل، وەستا رەجەب و سەروچاوە و بەشێک لە گوندەکانی سیدەکان و ناحیەی خەلیفانی گرتووە.

تەحسین سەعدوڵا، بەڕێوەبەری ئاوی سۆران به 964ـی وت، بەشێک لە هۆکاری ئەم کەمئاوییە مرۆڤکردە و هاوڵاتیان زێدەڕۆیی دەکەن، هۆکارێکی دیکەش دەگەڕێتەوە بۆ کۆنیی هەندێک لە تۆڕەکانی دابەشکردنی ئاوی گەڕەکەکان.

سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی گەڕەکی سەروچاوە، کە پشت بە ئاوی کانی دەبەستێت، بە تەواوی وشک بووە، بەڕێوەبەری ئاوی سۆران دەڵێت، شەش بیر لە نزیک کانیاوەکە لێدراون و هەموویان وشکیان کردووە و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.

“داوامان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردووە بەپەلە بودجەی پێویستمان بۆ دابین بکەن بۆ نۆژەنکردنەوەیان”، تەحسین سەعدوڵا وای وت.

بە وتەی بەڕێوەبەری ئاوی سۆران، پێویستە خەزانی گەورەی ئاو دروست بکرێت، چونکە سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی قەزاکە پڕۆژەی ئاوی بێخاڵ و 29 بیرە لە سنوورەکەدا.

“داوامانکردوە پڕۆژەیەکی ستراتیژی لەسەر رووباری بەرزێوە دروست بکرێت، کە توانای دابینکردنی حەوت هەزار مەتر سێجا ئاوی هەبێت، بەمەش گرفتی کەمئاوی بەیەکجاری چارەسەر دەبێت”، بەڕێوەبەری ئاوی سۆران وای وت.

سەنتەری قەزای سۆران لە 36 گەڕەک پێکدێت و 38 هەزار خێزانی لێدەژی، رۆژانە پێویستی بە چوار هەزار مەتر سێجا ئاو هەیە، بەڵام ئێستا تەنیا سێ هەزار مەتر سێجا ئاو بەردەستە، ناچار هەندێک لە گەڕەکان بە تانکەر ئاویان پێدەدرێت.