15 سواڵکەر لە زاخۆ دەستگیرکران
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
لە زاخۆ 15 سواڵکەر لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکران و رادەستی دادگا کران.
دوای ئەوەی رێژەی سواڵکەران لە ناو سەنتەری قەزای زاخۆ روو لە زیادبوون بوو، قایمقامیەتی قەزاکە بڕیاریدا دەستگیریان بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 15 سواڵکەر کە ژن و منداڵیشیان تێدایە دەستگیر کراون و یەکێک لە ژنەکان بەهۆی تەمەن زۆرییەوە بە بڕیاری دادوەر بە کەفالەت ئازاد کراوە.
ئەحمەد رەمەزان، وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە 964ـی راگەیاند، ئەوانەی ئەمڕۆ دەستگیرکران منداڵ و نەوجەوان و ژنێکی بەتەمەنیش لەناویان دابوو، دادوەر بە کەفالەت بڕیاری ئازادکردنی ئەو ژنەی دەرکرد بە مەرجی ئەوەی چیتر ئەو کارە نەکات.
وتیشی، هەموو سواڵکەرەکان خەڵکی زاخۆن و هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو دیاریدەی سواڵکردن بەتەواوەتی کۆنترۆڵ دەکەن.